کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەیەکی مەزن لە تەنگەکنش، شاری کرماشانی هەژاند

15:41 - 26 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پاش بوومەلەرزە گوماناوییەکانی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بەردەوام پاش‌لەرزەکانی ئەو بەناو بوومەلەرزەیە ئەو پارێزگایە دەهەژێنێت.

شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، تەقینەوەیەکی مەزن لە تەنگەکنش، شاری کرماشان و دەوروبەری ئەو شارەی هەژاند، بەڵام هەتا ئێستە سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیم، لەسەر هۆکار و کاتی ئەم تەقینەوە هیچ ڕاگەیندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مەزنی و دەنگی تەقینەوەکە هێندە لە ئاستێکی سەرەوە بووە، ترس و دڵەڕاوکێی لە لای خەڵکی کرماشان دروست کردووە و تەنانەت هەتا مەودایەکی دووریش شووشە و پەنجەرەی خانووەکانی هەژاندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە، پاش ئەم تەقینەوە مەزنە ڕووناکاییەک لە ئاسمانی کرماشان بینراوە و لە بەیانی هەمان شەودا خێرا هێزەکانی ڕێژیم بە هەلیکۆپتێری هەڵگری چەک قورس لە ناوچەکە جێگیر بوون.

پلەبەرزێکی ئاگادار لە شۆرای بەرزی بەناو ئاسایشی نیشتمانیی ڕێژیم، کە نەوێراوە ناوەکەی ئاشکرا بێت، بە هێندێ هەواڵدەریی دەرەکی ڕاگەیاندووە، کە لەو شەوەدا هێزەکانی سپای پاسداران کە بەنیاز بوون مووشەکێکی بالستیکی تاقی بکەنەوە، ئەو مووشەکە لە لانچێرەکەی خۆیدا تەقیوەتەوە و ئەو دەنگ و ڕووناکایییە بە هۆی تەقینەوەی ئەو مووشەکە بووە.

مەزنی تەقینەوەکە هێندە بەربڵاو بووە، کە ئەنبارەکانی مووشەکی بالستیکیی لە ناوچەی تەنگەکنش، لە گەمارۆی ئاگردا کەوتوون و هەردەم ئەگەری تەقینەوەیەکی گەورەتر لەو ناوچەیە چاوەڕوان دەکرێت، چونکە شیمانە کراوە کە نزیک بە ٣ هەزار مووشەک لەو ئەنبارانە پاشکەوت کراون، کە تەقینەوەی ئەم ڕێژەی مووشەکانە کارەساتێکی مرۆیی بەرین دەخولقێنێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادار وتوویەتی: هێزەکانی سپای پاسداران لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە مەزنەن، هەتا دەوروبەری ئەو ئەنبارانە سارد بکەنەوە، چونکە گریمانە دەکرێت لە ئەگەری نەکوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بە تەقینەوەی مووشەکە بالستیکییەکان، شاری کرماشان بە تەواوەتی لەنێو دەچێت و هیچ گیانلەبەرێک زیندوو نامێنێت.

بەپێی دوایین هەواڵەکانی سپای پاسداران بە شۆرای بەرزی بەناو ئاسایشی نیشتمانی، لانیکەم لەم تەقینەوەی مووشەکی بالستیکییە لە نێو لانچێرەکەی، ٨ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.

هەر بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەیەکی شۆرای بەرزی بەناو ئاسایشی نیشتمانی، کە لەم پێوەندییە گیراوە، هێندێ لە بەرپرسانی ڕێژیم پێشنیاری ئەوەیان کردووە، کە دۆخی نائاسایی ڕابگەیندرێت و خەڵک لەو ناوچەی نەمێنن و هەروەها ئەو مووشەکانە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە، بەڵام محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران لەگەڵ ئەم پێشنیارە دژایەتی کردووە و وتوویەتی: ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی دەبێتە هۆی ئەوەی کە بنکە مووشەکییەکانمان بۆ ماهوارەکانی ئامریکا و ئیسرائیل ئاشکرا بکرێت و ئەگەری هێرشی خێرا و کتوپڕ بۆ سەر ئەم بنکە مووشەکییانە زیاتر دەبێتەوە.

جەعفەری هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وتوویەتی: لە ئەگەری تەقینەوەی ئەنبارەکانی مووشەکی بالستیکی، زۆرەکەی چەند هەزار کورد دەکوژرێت، بەڵام لە کاتی گواستنەوە مووشەکەکان حەشارگەکەیان ئاشکرا دەبێت و بە دەستی خۆمان ئەنبارەکانمان پێشکەش بە ئامریکا و ئیسرائیل دەکەین.