کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سنه چالاکی تەبلیغیی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوەچوو

20:29 - 27 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شاری سنه چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنه لە بەرەبەری هاتنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، چالاکی تەبلیغییان ئەنجام دا.

ئەو شوێنانەی چالاکی تەبلیغی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: مەیدانی سەرەکی شاری سنه، پارکی سەوزەپۆش، پارکی بەهاران و کۆڵانەکانی مەیدانی ئێقباڵ.

له رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاویدا، رووناكبیرانی كورد له رۆژهەڵاتی كوردستان، به كەڵك وەرگرتن له هەلومەرجی سیاسی پێكهاتوو له ئەنجامی شەڕی جیهانیی دووهەم، رێكخراوی نهێنی ژ ـ ك، (كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد)یان دامەزراند. دوای سێ ساڵ خەباتی نهێنی و ئەزموونی رێكخراوەیی، له ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لەسەر بنەما تەشكیلاتییەكانی ئەم رێكخراوەیه و به خوێندنەوەیەكی واقیعبینانه و سەردەمیانه، حیزبی دێموكراتی كوردستان، وەك رێكخراوێكی مۆدێڕن دامەزرا؛ دواتر پێشەوا قازی محەممەد رێبەری هەڵكەوتووی ئەم حیزبه له ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) به ڕەسمی دامەزرانی كۆماری كوردستان ی ڕاگەیاند و بوو به سەركۆماری ئەم كۆماره.

ساڵانە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەم یادە مێژووییە مەزنە، بە ئەنجامدانی چالاکی جۆربەجۆر، بەرز ڕادەگرن.