کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هاندانی سپای پاسداران، فەرمانداری شاری داڵاهوو کارەبای کانێکسی هاووڵاتییان دەپچڕێنێت

14:39 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: فەرمانداری شاری داڵاهوو بەبێ هیچ پاساو و بیانوویەک، تەنیا لە سەر ڕاسپاردەی سپای پاسداران دەستی کردووە بە پچڕاندنی کارەبای کانێکسی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لێدراوی شاری داڵاهوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فەرمانداری شاری داڵاهوو، لە سەر بڕیاری سپای پاسداران، بڕیاری پچڕاندنی کارەبای کانێکسەکانی دەرکردووە کە لەلایەن خێرخوازانی کوردستان و ئێران بۆ بوومەلەرزە لێدراوەکان نێردراوە.

لێقەوماوانی داڵاهوو کە ئەم بڕیارە شەرمێونانەیان بەسەردا سەپاوە لە چەند گرتە ڤیدیۆییەکەیدا باسیان لەوە کردووە کە ئەو بڕیارەی فەرمانداری داڵاهوو هیچ پاساوێکی نییە و ئەو بڕیارە بە دنەی سپای پاسداران و شارەداری داڵاهوو لەلایەن فەرماندارەوە دەرکراوە.

بە وتەی یەکێک لەو هاووڵاتییانە، کانێکسەکان لەلایەن خەڵکی خێرخوازی کوردستان و ئێران پێیان دراوە و ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم بێ هیچ بیانوو و پاساوێک خەریکی پچڕاندنی کارەبای هاووڵاتییانن.

ئەم بڕیارە دژەمرۆییە کە بەسەر خەڵکی لێقەوماوی داڵاهوودا سەپێنراوە لەگەڵ هیچ بنەمایەکی دینی و ئینسانی یەک ناگرێتەوە مەگەر لە چوارچێوەی سیستمی دواکەوتووی ویلایەتی فەقیهی.