کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێرانی شاری نەغەدە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی

15:37 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: چەوەندەرکارانی شاری نەغەدە به هۆی نەدانی پارەی بەرهەمەکانیان، لە بەردەم کارخانەی قەندی شاری نەغەدە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، چەوەندەرکارانی شاری نەغەدە، لە ئەنجامی گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانیان، لە بەردەم کارخانەی قەند خۆپێشاندانیان کرد و داوای مافی خۆیان کرد.

وەرزێڕان ڕایانگەیاندووە، تەنیا ١٥ لەسەدی پارەی بەرهەمەکانیان دراوە و ئەوەش لە کاتێک دایە، سەرۆکی ئەو کارخانەیە لە لێداونێکدا باسی لەوە کردبوو، ٤٠ لەسەدی داواکاریی وەرزێڕان دراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، که دوای ئەو خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییە، بەرپرسانی پێوەندیدار بەڵێنیان داوە تا ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمە سەرجەم پارەی وەزێڕان بدەن.

پێشتریش وەرزێڕانی شارەکانی پارێزگای ورمێ ڕایانگەیاندبوو، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوایین کەمتەرخەمییەکانی خۆیاندا نیسبەت بە توێژی وەرزێڕی کوردستان، بەرهەمی چەوەندەرکاران لە کارخانەکان وەرناگرن و بەرهەمی ئەمساڵی وەرزێڕان مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە شارەکانی ورمێ بەتایبەت شنۆ، پیرانشار و نەغەدە بەرهەمی چەوەندەرکاران وەرناگرن، وەرزێرانی ئەو شارانە ڕایانگەیاندووە، کە کاربەدەستانی ڕێژیم کۆپن بە چەوەندەرکاران نادەن تا بەرهەمەکانی خۆیان ڕادەستی کارخانەکانی قەند بکەن.

وەرزێڕانی ئەو شارانە ڕایانگەیاندووە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکدا پەسەندیان کردووە، کە نابێ بەرهەمی چەوەندەرکاران لە شارەکانی خۆیان بچێتە دەرەوە و لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیم هیچ جێگۆڕێک و بەرنامەیەکیان بۆ وەرگرتنی چەوەندەر نییه و بەرهەمی ئەمساڵ لەسەر دەستی وەرزێڕاندا ماوەتەوە.

بە سەرنجدان بە دۆخی کەشوهەوای پارێزگاکان، ساڵانە بەشێکی گرینگ لە بەرهەمە جووتیاری و ئاژەڵدارییەکان لەنێو دەچن، کە بە هۆی بیمە نەکردنیان بە گرینگترین دەڵەڕواکێی جووتیاران دێتە ئەژمار.

ئەم کێشە و گرفتانە بەردەوام لە نێوان چەوەندەرکارانی کورد بووەتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام کێشەی وەرزێڕانی کورد بەتایبەت چەوەندەرکاران هێشتا چارەسەر نەکراوە.