کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر مۆرە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بەردەوامە

14:43 - 3 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ قسە بێ‌بنەماکانی حەسەن ڕوحانی لە تەلەفزیۆنی ڕێژیم، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە چەندین شار، هێرشیان کردە سەر مۆرە و بنکە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی.

بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان، شەوی ٢ی ڕێبەندان، یەکێک لە بەسیجییە توندئاژۆکانی ڕێژیم لە شاری ئەهواز لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر و کوژرا؛ هەرچەند شوناسی ئەم کەسە تا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەم بەسیجییە دەستێکی باڵای هەبووە لە سەرکوت و گرتنی لاوانی شاری ئەهواز.

کوشتنی ئەم کەسە پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان، تۆفێق ڕەحمانی، بەکرێگیراو و ئەندامی چالاکیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، کە لە نێۆ خەڵکدا بە تۆفێق مەمان دەناسرا لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بەکوشت چوو و بە سزای تاوانەکانی گەیشت.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەیکیهان لندن لە هەواڵێکدا ئاشکرای کردووە کەسانێکی نەناسراوی دەمامکدار شەوی ڕابردوو بە کۆکتێل‌مۆلۆتۆف هێرشیان کردووەتە سەر بینای سەرەکی شارەداری ناوچەی ١٢ی تاران و ئاگریان تێبەرداوە.

هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، دوێنێ دووشەممە هاووڵاتییەک لە شاری قۆم، هێرشی کردووەتە سەر دوو ئاخوندی ڕێژیم و پاش بریندار کردنیان، ماشینەکەیانی سووتاندووە و بۆ خۆیشی هەڵاتووە.

هەر هەمان ڕۆژ، خەڵکی هەژار و مافویست لە شارستانی دلگانی بەلوچستان دژ بە زوڵم و زۆرییەکانی ڕێژیم لەم ناوچەیە ڕاپەڕین و پەلاماری پاسگایەکی ئەم شارەیان دا.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیم لە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامن و هاوشێوەی شارەکانی کوردستان کە دیوارەکان بە درووشمی وەک بڕوخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕازێندرێتەوە، لاوانی ئەندیمەشک شەوی ٢ی ڕێبەندان دیوارەکانی ئەم شارەیان بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر نەخشاند. لەلایەکی دیکەشەوە، مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەر بە وەزارەتی بارهێنان لە شاری یەزد بە کۆبوونەوە لە بەردەم فەرمانداری ئەم شارە، بەهۆی وەدواکەوتنی مووچەی ١٠ مانگەیان، ئێعترازی خۆیان دەربڕی و داوای ئەمنیەتی پیشەییان لە ڕێژیم کرد.

کۆی ئەم ڕووداوانە، وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە، تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییەکانی خۆی نیزیک دەبێتەوە، چوونکە لە ئێستادا خاوەنی پێگەی خەڵکی نییە و هەر ڕێژیمێکیش کە خەڵک پشتیوانی لێنەکات، دەڕووخێ.