کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و ئورووپا بە دژی ڕێژیمی ئێران بەرەو یەکدەنگی دەڕۆن

15:37 - 3 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی، له بارەی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و کردەوەکانی لە حاڵی وتووێژدان.

رێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا له دانیشتنێکدا، لەگەڵ تێرزامی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و وەزیری دەروەی ئەو وڵاتە، بوریس جانسون، لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران وتووێژیان کردووە و پاش ئەو دانیشتنە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان وتوویە: کە دانیشتنەکە بۆ گەیشتن به یەکدەنگی لەسەر ڕێککەوتننامەی ناوکی هیوابەخش بووه.

لەو پەیوەندییەدا تێلرسۆن ڕایگەیاندووە، لێژنەیەک پێک هاتووە، کە لە هەفتەی داهاتوودا بۆ دانیشتن لەگەڵ وڵاتانی فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان دەست بەکار دەبێت، که ڕێککەوتننامەی ناوکییان واژۆ کردووە و بۆ چارەسەریی خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکە و هەروەها بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ژان‌ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، باسی لەوە کردووە، که به مەبەستی وتووێژ لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ تاران سەفەر دەکات و ڕایگەیاندووە، که دەبێت بۆ بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران چوارچێوە دیاری بکرێت.

هەروەها باسی لەوە کردووە، که ڕێککەوتننامەکە له دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران به چەکی ناوکی ڕێگر بووە و ئەگەر ئێران بییەوێت پەیوەست به کۆمەڵگای جیهانی بێت، دەبێت لەسەر بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی، هاوکاری وڵاتانی جیهان بکات.

لە لایەکی دیکەشەوە له سەردانەکەی مایک پنس، جێگری سەرۆکی وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ ڕۆژهەڵاتی و سەفەری بۆ ئیسرائیل، ڕوو به وڵاتانی ئورووپایی ڕایگەیاند، که دەبێت هۆشدارییەکانی ترامپ به جیدی وەرگرن و یەکیەتیی ئورووپا ڕێککەوتننامەکە دەستکاری بکات.

لە سەردانەکەی مایک پنس بۆ ئیسرائیل که لە پارلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە، ناوبراو ڕایگەیاندووە، که وڵاتەکەی به هەموو شێوەیەک لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران که پاڵپشتی سەرەکیی تێرۆریزمە، ڕادەوستێ و ناهێلێت ئەو ڕێژیمه دەستی به چەکی ناوکی بگات.

پنس، سەرەڕای ئەوەی که ڕێژیمی ئێرانی به ڕێژیمێکی زاڵم و سەرکوتکەر به دژی خەڵکەکەی ناو بردووە، ڕوو به خەڵکی ئێران وتوویەتی: ئەگەر ڕۆژێک لە دەست ئەم ڕێژیمه دیکتاتۆرییە ڕزگارتان ببێت، ئێمە دۆست و پشتیوانی ئێوە دەبین.

ئەم قسانە دژکردەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیرانی لێ کەوتەوە و عەباسی عێراقچی، جێگری سیاسی وزارەتی دەرەوی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان وتوویەتی: لە هەوڵەکانی ئامریکا و وتەکانی بەرپرسانی ئوروپایی، لەگەڵ کێشەیەکی دیکە لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان بەرەوڕوو دەبین، که بە ئومیدی خوا چارەسەری دەکەین و ڕایگەیاندووە، که وڵاتەکەی به هیچ شێوەیەک لەسەر بەرنامه مووشەکییەکان دانیشتن و وتووێژ ناکات.