کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوەی تێرۆر هێرش دەکاتە سەر نەتەوەی کورد

15:16 - 4 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی مشرق لە ڕاپۆتێکدا بڵاوی کردۆتەوە، کە کوردەکانی سووریه بەکرێگیراوی ئامریکان و ئەو گرووپە میلیشاییە بۆ دروست کردنی کێشە لە سووریە پێک هاتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی مشرق یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڵاوی کردۆتەوە، کە ئەو هێزه ٣٠ هەزار کەسییەی کە بە پشتیوانیی ئامریکا لە سووریه پێک هاتووە، گرووپێکی میلیشاییە و بەکرێگیراوی ئامریکان.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە ئەو هێزه کوردییە لە ناوچەکانی چۆمی فورات لە سنوورەکانی عێراق و تورکیە و باکووری سووریه جێگیر کراون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە ئامریکا بە جێگیر کردنی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی تورکیه و عێراق و پشتیوانی لەو گرووپه ٣٠ هەزار کەسییە، لە هەوڵی ئەوەیە سووریە پارچەپارچە بکات و هێزەکانی دێموکراتیکی کورد لەو بەشەدا جێگیر بکرێن.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژه بەوە کراوە، کە ئامریکا بە دروست کردنی ئەو هێزە، دەستی ئێران و هاوپەیمانەکانی کورت دەکاتەوە و باشتر بە ئامانجەکانی خۆی دەگات.

ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی مشرق، دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لە سووریه تووشی قەیران بووە و بەرنامەکانی ئامریکا پێشی بە دەستێوەردانەکانی گرتووە.

پاش ئەوەی کە هاوپەیمانەتی دژ بە داعش بە سەرپەرەستیی ئامریکا ڕایگەیندرا، هێزێکی سنوورپارێزی ٣٠ هەزار کەسی لە نێوان سنوورەکانی سووریە و تورکیەدا بە هاوکاریی کوردەکان ڕێکخرا، تورکیە دژایەتی خۆی ڕاگەیاند و هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە کردبوو.

هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا بە هۆی ئەوە ڕووی داوە، کە ئامریکا پشتیوانیی خۆی لە کوردەکانی ئەو بەشەی کوردستان دەربڕی و بوودجەی نیزامیشی بۆیان تەرخان کردووە، ئەوەش تووڕەیی تورکیەی لێ کەوتەوە، کە نابێت ئامریکا پشتیوانی لە یەپەگە بکات.

ماوەی ٤ ڕۆژه شەڕ و تێکەڵچوون لە عەفرین بەردەوامە و چەندین کەس کوژرا و بریندار بوونە.