کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست بوونی فریوکارانەی ڕێژیمی ئێران به کۆنوانسیۆنی بەربەرەکانێ لەگەڵ تاوانه ڕێکخراوەییەکان

15:00 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، به پەیوەست بوونی ئێران به کۆنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ تاوانه ڕێکخراوەییەکان دەنگیان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، ڕۆژی چوارشەممه ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، گەڵاڵەی پەیوەست بوونی ڕێژیمی ئێران به کۆنوانسیۆنی بەربەرەکانێ لەگەڵ تاوانه ڕێکخراوەییەکان، لە لایەن نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانەوە، به زۆرترین دەنگ پەسەند کرا.

لەم کۆنوانسیۆنەدا، پاڵپشتی کردن له گرووپه تێرۆرستییەکان به هەموو شێوەیەک مەحکووم کراوە و ڕێگری لێ دەکرێت، ئەمەش له حاڵێکدایە که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەوە تاوانبار دەکرێت که له گەورەترین پاڵپشتەکانی تێرۆریزم له جیهانە.

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریکا و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵات نێوەڕاست، به بەردەوامی لەسەر پاڵپشتی کردنی تاران له گرووپە تێرۆریستییەکان و ئاژاوەنانەوە له جیهان بە دەنگ دێن و هۆشداری به ڕێژیمی ئێران دەدن.

ڕێژیمی ئێران که لە ڕێگەی پەلوپۆکانی سپای پاسداران، له جیهان کاروباری تێرۆریستی ئەنجام دەدات و پاڵپشتی سەرەکیی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە وەکوو: حیزبوڵڵا و حەماس و حەشدی شەعبی و هتدە، لە ڕێگای ئەو گرووپانەوە ئاژاوەگێڕی دەکات و به فەرمی خۆی له ئەستۆیان ناگرێت.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نیشانی داوە که هەتا ئێستە پێبەند به هیچ بڕیارنامه و ڕێکەوتنێکی نێونەتەویی نەبووە و ئەگەرچی له دانیشتنەکان بەشداری دەکات و تەنانەت ڕێککەوتننامەکان واژۆ دەکات، به شێوەی شاراوە درێژە به کردەوە نامرۆڤانەکانی خۆی دەدات.

لەسەر پەیوەست بوونی ڕێژیمی ئێران به کۆنوانسیۆنی بەربەرەکانێ لەگەڵ تاوانه ڕێکخراوەییەکان، سیاسەت و مێژووی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە، که باوەڕی بەو کۆنوانسیۆنه نییە و واژۆ و بەشداری کردنی تەنیا بۆ پڕوپاگاندەی دەسەڵاتەکەیەتی له جیهان و به کردەوە به پێکهێنانی گرووپە تێرۆریستییەکان و پاڵپشتی کردنیان درێژە به سیاسەتەکانی دەدات.