کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایک و کۆرپەلەیەک لە نەخۆشخانە بە بارمتە گیراون

14:26 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دایک و کۆرپەلەیەک بەهۆی هەژاری و نەبوونی پارە، لە نەخۆشخانەیەکی خۆراسانی ڕەزەوی بە بارمتە گیراون و کەس نییە بە هانایانەوە بچێت.

بەشێک لە دەزگا میدیاییە ناوچەییەکانی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ئاشکرایان کردووە: ماوەی ٥ ڕۆژە دایک و کۆرپەلەیەک، تەنیا بە تاوانی هەژاری و نەبوونی پارە لە نەخۆشخانەی مەشهەد، بە بارمتە گیراون.

بەپێی ئەم هەواڵە، سەرەڕای ئەوەیکە بنەماڵەی ئەم ژنە داوایان کردبوو، کە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەوڵەتی بکرێن تاکوو تێچووەکانی منداڵ‌بوونەکەی کەمتر بێت، ئۆرژانسی مەشهەد ئەوانی ڕادەستی نەخۆشخانەیەکی تایبەت (خصوصی) کردووە و ئێستاش پاش ٥ ڕۆژ مانەوە لەم نەخۆشخانە، پێیان راگەیاندوون تا ئەو کاتەی پارەی نەخۆشخانەکە نەدەن ئیزنی چوونە دەریان نییە.

هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە، ڕۆژانە بڕی ٣٨٠ هەزار تمەن بە تێچووەکانی نەخۆشخانەکە زیاد دەکرێت و بەم پێیەش، جگە لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن پارەی زایمان، دەبێ ئەم بنەماڵەیە لە بری هەر ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ٣٨٠ هەزار تمەنی دیکەش بدەن!

بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەم چەشنە لە کاتێکدایە، کە بەپێی ئەسڵی ٤٣ی یاسای بنەڕەتی، بێهداشت، چارەسەری و بارهێنان و پەرەوەردە لە ئێراندا، دەبێ بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی بەخۆڕایی بێت بەڵام لە کردەوەدا دەبینین کە ئەمەش تەنیا وادەیەکی بێ بنەمایە و هیچی تر.