کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچانی بوێری سەرشەقام، زیاتر دەبن

21:13 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کردەوەی کچە ناڕازییەکەی شەقامی ئینقلابی شاری تاران، کە بە لابردنی سەرپۆشەکە و بەرزکردنەوەی بوو بە هێمای بەرخۆدانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، سنوورەکانی بەزاند، خەریکە رۆژ بە رۆژ ئەو جۆرە کچانە زیاتر دەبن.

کردەوەی ویدا مووەحد، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە لایەن هەندێ کچ لە ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵات دووپات بووەوە و بووەتە ‌هێمایەکی ناڕەزایەتی لە هەمبەر داپۆشنی زۆرەملێ لە ئێراندا.

ویدا مووەحد لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، لە شەقامی ئینقلابی تاران، سەرپۆشەکەی خۆی لابرد و بەستی بەسەر دارێک و لەسەر ترانزێکی کارەبا ڕاوەستا و وەکوو ئاڵا لەسەر سەری خۆی بەرزی کردەوە، لە لایەن هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، بەڵام پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە زیندانی ئەوینی تاران، ئازاد کرا.

ناڕەزایەتی شارستانیانەی ویدا بەدوور لە هەر جۆرە توندوتیژی، بووەتە هێمای بەرخۆدانێکی نوێ بۆ کچان و ژنانی ئێران و بە لابردنی سەرپۆشە زۆرەملێیەکەیان و شەکانەوەی ناڕەزایەتی خۆیان بە یاسای حیجابی زۆرەملێ کۆماری ئیسلامی دەردەبڕن.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژنان و کچانی سەروی تەمەن ٩ ساڵ، ناچارن خۆیان داپۆشن و چارشێو لەسەر بکەن، ئەگینا بەرەوڕووی زیندان یان سزای نەختی دەبنەوە.

ئەم شێوازە نوێیە ناڕەزایەتی دەربڕینەی کچان لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ، لە دونیای مەجازی دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و هەشتەکێک بە ناوی (کچانی شەقامی ئینقلاب) دروست بووە و کچانی شەقامی ئینقلاب خەریکە رۆژ بە ڕۆژ زۆرتر و زیاتر دەبن و چالاکی و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان بەرچاوتر دەبێت.

کاردانەوەی ئەم کارە گەیشتووەتە ئاستێک، کە هەشتەگی (کچی شەقامی ئینقلاب) بەهەشتەگی (کچانی شەقامی ئینقلاب) گۆڕدراوە و دونیای توویتری تەنیوە.

کاربەرێکی تویتر بە ناوی حوسێن وی نووسیویە: چالاکی کچانی شەقامی ئینقلاب دەتوانێ کلیلی سەرهەڵدانی نوێ بە دژی ڕێژیمی ئێران بێت.

ڕەزا حەقیقەتنژاد ڕۆژنامەوانی دەرەوەی وڵات لە تویتێکدا نووسیویە: کچانی شەقامی ئینقلاب، لە مافی هەڵبژاردنی خۆیان، بەرەنگاری لە مافی ژنان بۆ ئازادی دەکەن، لێرە هیچ باسی ئاژاوەگێڕی و ڕووخانی رێژیم نییە، ئەمە تەنیا باسی مافێکی بەحەقی ژنان، بۆ ژیانێکی ئازاد لە ئێرانە.

لە بەرانبەردا، کاربەرێک بە گاڵتەجاڕ لە تویتێکدا نووسیویە: بابە گیان ئەم کچانە تەنیا هانە شوێن مێردکردنەوە و شوویان دەوێت.

جەمیلە کەدیوەر چالاکی سیاسی، لە نووسراوەیەکی کورتدا ناڕەزایەتی خۆی لە حیجابی زۆرەملێ نیشان داوە و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، کە مافی هەڵبژاردنی چۆنیەتی پۆشینی جلوبەرگ بدەنە دەست خودی ژنانی ئێرانەوە.

شایانی باسە کە کچان و ژنانی کورد، پاش هێرشی بێبەزەیانەی سپای پاسداران بۆ سەر کوردستانی ڕۆژهەلات لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی و قەدەغەکرانی چالاکی هەموو حیزبە کووردییەکان، چ وەک پێشمەرگە لە سەنگەری شۆڕش دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێراندا و چ وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەلات، بە پۆشینی جلوبەرگی کوڕانە، یان بە سەردا دانی جامانە کە هێمای شۆڕشی کوردییە، دژایەتی خۆیان بۆ یاسا داسەپاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕیوە.

ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان کە ڕابردوویەکی ٧٠ ساڵەیان لە ڕاستای بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان هەیە، ڕۆژی ٢٦ی بانەمەڕیان وەکوو ڕۆژی سەروێن و گوڵوەنی لە کوردستان دیاری کردووە، کە هێمایەک وەک جامانە لە کولتووری ژنانی کورد جێی بایەخ و ڕێزگرتنە.

سکرتێری یەکیەتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، خاتوو فاتمە عوسمانی لەو بارەوە وتوویە: ئەگەرچی بەکارهێنانی گوڵوەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوە، بەڵام لەمەوبەدوا بەکارهێنانی ئەو هێمایە لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکاندا لە لایەن کچان و ژنانی کوردەوە، بە واتای ڕەمزی خەبات و تێکۆشانی ژنانی کوردە.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دووچەرخەسواری بۆ ژنان قەدەغە کرا و هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە کەوتنە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە و گرتن و ئازاردانی ژنان و کچانی دووچەرخەسوار، بەڵام ژنان و کچانی مەریوان وەک ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو بڕیارە پێشێلکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چالاکییەکی مەدەنی و شۆڕشگێڕانەدا ئازایانە بە هاتنە سەرشەقامەکان بە دووچەرخە، توانیان بەرەنگاری ئەو بڕیارە هەڵەیە ببنەوە، کە بە بوێری خۆیان جیهانیان تووشی سەرسۆڕمان کرد.

لە لایەکی دیکەدا چەندین جار بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەگەلی سیستماتیک بێڕێزیان بە جلوبەرگی ژنانی کوردی دەکەن و شتێکی بێنرخ پیشانی دەدەن، بۆ وێنە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کاناڵی ٢ی کۆماری ئیسلامیی ئێران جلوبەرگی ژنانی کوردیان لەبەر بووکەڵەیەکی گوێدرێژ کردبوو، یان پێشتریش کاربەدەستانی قەزایی ڕێژیم پیاوێکی تۆمەتباریان بە جلی ژنانەی کوردییەوە لە شەقامەکانی شاردا گەڕاندبوو، کە ئەو جۆرە هەڵسووکەوتانەی ڕێژیم بێڕێزیەکی ڕاستەوخۆ و مەبەستدار بە هێما و پیرۆزییەکانی نەتەوەی کوردن.

لە بەرانبەر ئەو جۆرە بێڕێزیانەدا، بە سەدان ژن و پیا و کوڕ و کچی کورد و تەنانەت هەندێ چالاکی مەدەنی فارس، جلی ژنانەی کوردییان کردە بەر و وێنەی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە.

ئەو جۆرە ناڕەزایەتییانە و بەتایبەت ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، دەتوانن دەسپێکی لاپەڕەیەکی نوێ لە سەرهەڵدان دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران بێت، ئەگەرچی ڕێژیم بە میلیتاریزە کردنی شارەکان و گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن بۆ ماوەیەک توانیویە شاڵاوی ئەو ناڕەزایەتییانە کەم بکاتەوە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ شاهیدی سەرهەڵدانێکی نوێ لە سیمایەکی تازەداین و بە دڵنیاییەوە ئەو سەرهەڵدانانە تا کۆتاییهێنانی یەکجارەکی کۆشکی زۆرداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەبن.

ئامادەکار: نەوید کەرەمی