کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی بە داپۆشینی زۆرەملێ، دەنگی بەرپرسانی ڕێژیمی دەرهێنا

14:55 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتی دەربڕینەکان بە دژی یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێی ژنان لە ئێران، گەیشتە ئاستێک کە دەنگی بەرپرسانی ڕێژیمی دەرهێنا.

ناڕەزایەتی سمبۆلیک بە دژی یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێی لە ئێران، بە لابردنی سەرپۆش و شەکانەوەی وەک ئاڵا، چەندین ڕۆژە بووەتە کارێکی جێی سەرنج و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە.

یەکەمجار ئەم شێوە ناڕەزایتی دەربڕینە، لە لایەن ژنێک بە ناوی ویدا موەحد لە شەقامی ئینقلابی تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا ئەنجام درا، کە بووە هۆی دەسبەسەرکرانی ناوبراو، بەڵام رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە و هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی ویدا موەحد، ئەم شێوە ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران پەرەی سەند و هەشتەگی (کچانی شەقامی ئینقلاب) بووەتە باسی گەرمی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.

رۆژی چوارشەممە ١١ی ڕیبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، چەندین کچ و ژن و تەنانەت پیاوان بەو ناڕەزایەتییانەوە پەیوەست بوون و نووسراوە و وێنەکانی خۆیان بڵاو کردۆتەوە.

بەردەوامی ئەو ناڕەزایەتییانە و پەیوەست بوونی ڕۆژانەی کچان و ژنانی ئێرانی بەو هەشتەگە، بەرپرسانی ڕیژیمی ترساندووە و دەستیان داوەتە هەڕەشە کردن.

جێگری سەرۆکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی موتەهەری لەو بارەوە وتوویە: لە ئێراندا خۆداپۆشین بە زۆر نییە و ئەوەی کە چەند ژن ڕووسەرییەکانیان لاببەن شتێکی گرینگ نییە، لە ڕاستیدا کێشەی ئیمە خۆداپۆشین نییە و ئێمەش هیچ مەیلیکمان بۆ گیردان بەو کارە نییە.

بەڵام لە ئاخاوتنێکی جیاوازدا دۆزگەری تاران، عەباس جەعفەری دەوڵەتاوایی، وتوویە: کردەوەی کچانی شەقامی ئینقلاب گوناح و دژی شەرع و یاسایە و دەبێ لەگە‏ڵیان بەرەوڕوو ببینەوە، ناوبراو دەسبەسەرکرانی یەکێک لەو ژنانەی پشتڕاست کردۆتەوە.

نەسرین ستوودە پارێزەری دادگا کە دۆسیەی ئەو کچانەی وەئەستۆ گرتووە ڕایگەیاندووە: کە بەرپرسانی ئیران بڕی ٩٠ هەزار یۆرۆ وەسیقەیان لە بەرانبەر ئازادکردنی یەکێک لەو کچانە دیاری کردووە.