کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ڕێژیم لە عێراق بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان دەکەن

15:55 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لە دوای قەدەغەکردنی خواردنەوە ئەلکولییەکان لە عێراقدا، تاقم و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکانەوە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەكانی شاری بەسره دەستیان بەسەر کۆمەڵێک ماددەی سڕکەردا گرت، ڕایانگەیاندووە، ئەم ماددە سڕکەرانە لە ڕێگەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق لە ئێرانەوە ئاودیوی بەسرە دەكرێن.

لەو بارەیەوە ئەنجومەنی پارێزگای بەسره ڕایگەیاندووە، كە ماددەی سڕکەر بە شێوەی نایاسایی لە وڵاتانی دراوسێیەوە بەتایبەتی لە ئێرانەوە ئاودیوی بەسره دەكرێت.

لەو پێوەندییەدا، هەندێک سەرچاوە ئاشكرایان كردووە، كە میلیشیا و مافیای چەكدار كە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە پشتیوانیان لێ دەكرێت، ماددەی سڕکەر ڕەوانەی عێراق دەکەن.

میدیاكانی عێراق بڵاویان کردۆتەوە لەو کاتەوە کە خواردنەوە ئەلکولییەکان لە عێراقدا قەدەغە كراون، ماددەی سڕکەر بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و ئێستەش ماددەکانی وەک حەشیش و كریستاڵ و خەشخاش بڵاو بوونەتەوە.

بازرگانی و کەڵکوەرگرتن لە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا، لە دەستی سپای پاسدارانی ئەو وڵاتەیە و عێراق و لوبنانیش شوێنی بازرگانیی ئەو ماددە سڕکەرانەن.

پێشتریش ویکی‌لیکس بڵاوی کردبوو، وڵاتی ئێران گەورەترین شوێنی تڕانزیتی مادە سڕکەرەکان لە جیهانە و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین بەکارهێنەری هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ویکی لیکس، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و سپای قودس بە ڕێبەریی قاسم سلێمانی، چاوەدێریی قاچاخی ماددە سڕکەرەکان بۆ عێراق و لوبنان دەکات.

لەو پێوەندییەدا، ڕەحمان فەزڵی وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە، کە بازرگانیی ماددە سڕکەرەکان ڕۆڵی بنەڕەتی و گرینگی لە سیاسەتی نێوخۆیی ئێراندا هەیە.

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە سپای پاسداران کونتڕۆڵی بەسەر بازرگانیی ماددە سڕکەرەکاندا هەیە.
ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی لوبنان کارخانەی گەورەی بۆ بەرهەمهێنانی ماددە سڕکەرەکان هەیە، کە لەژێر چاوەدێریی بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی ئەو وڵاتەدا کار دەکەن.

لەو بارەوە عومەر ئەلحەمیری فەرمانداری پێشووی پارێزگای دیالەی عێراق، لە وتووێژێکدا لەگەڵ شرق الاوسط ڕایگەیاندووە، کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی ماددە سڕکەرەکان و حەشیش لە ئێرانەوە بۆ عێراق دێت.