کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژی کردن بۆ سەر منداڵێکی ٥ ساڵان لە ئیسفەهان

16:24 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لە شاری ئیسفەهان دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵی ئەفغانی و ئازاری جەستەیی دەدرێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی ئەمنییەتی ئیسفەهان باس لە دەستدرێژی کردن و ئازاری جەستەیی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵی ئەفغانی دەکەن.

بە وتەی بەرپرسانی بەناو ئەمنییەتیی ئیسفەهان، ئەو منداڵە شەوی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو، له پارکێکی خومەینی‌شاری پارێزگای ئیسفەهان بە برینداربوونی ئەندامی جنسی و لاقی شکاو و دەموچاوێکی شینکراو، لە لایەن خەڵکەوە دەدۆزرێتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

ئەو منداڵە تەمەن ٥ ساڵە ئەفغانییە، بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە پێویستی به نەشتەرگەری هەیە و بە هۆی ئەوەی کە لە پەنابەرە ئەفغانییەکانە و بنەماڵەکەی دیار نین، چارەنووسی نادیارە و ئەو کەسە یان کەسانەی کە دەستدرێژیان کردووەتە سەری هەڵهاتوون.

لە ساڵی ڕابردووەوە ئەمە دووهەمین جارە که دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵانی ئەفغانی کە لە ئێران پەنابەرن.

ستایشی قورەیشی منداڵێکی تەمەن شەش ساڵانی دیکە بوو، کە دەستدرێژی کرایە سەری و کوژرا و ناڕەزایەتیی چالاکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت چالاکانی مافی منداڵانی لە ئێراندا لێ کەوتەوە.

دەستدرێژی و ئازاری منداڵ یەکێک لە دیاردەکانی نێو ئێرانە، که لە لایەن ڕێژیمەوە زۆرجار دەشاردرێتەوە و ناوەندێکی تایبەت بۆ پێداچوونەوە و چارەسەریی ئەم کێشەیە لە ئیراندا نییە.