کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لایەنی سیاسی هاوخەمی خۆیان بە حیزبی دێموکرات گەیاند

13:41 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: چەندین لایەنی سیاسی کوردستانی، بەبۆنەی تێرۆری هاوڕێ سەباح ڕەحمانی لە بنەسڵاوەی هەولێر، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشییان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مەکتەبی پێوەندییەکانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران - کۆمەڵە، سکرتاریای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، هاورێیانی پێشوو - پێوەندییەکانی سلێمانی، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سووریە، پارتی ئازادی کورد- سووریە، پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە، هاکپار، پارتی ماف و ئازادی، پارتی سوسیالیستی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان - باکوور، پارتی ئازادی کوردستان سووریه و پارتی سەربەستیی کوردستان پێوەندییان بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووە و هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆیان بەبۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێ سەباح ڕەحمانی ئاراستەی حیزب و لە ڕێگەی حیزبیشەوە ئاراستەی بنەماڵەی شەهید سەباح کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممه ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەلاح ڕەحمانی پیشمەرگەی حیزبی دێموکرات، هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی سەباح ڕەحمانی خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شارۆچکەی بنەسڵاوهی هەولێر لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا بە توندی بریندار و ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کران؛ ڕۆژێک دواتر سەباح ڕەحمانی بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای پڕسەروەری کرد.