کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: کۆماری ئیسلامی لە باشوری کوردستاندا دەست کراوەیە بۆ دژایەتی دژبەرانی خۆی

15:17 - 18 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەبارەت بە کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ڕۆژنامەی کیهان لندن وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزبدا ئەنجام داوە.

بەرپرسی ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی هەولێر و ڕانیە، وتوویەتی: بەسەرنجدان بەو تێرۆرانە بە دووری نازانین کە لە ڕۆژانی داهاتووشدا بینەری ڕووداوی تێرۆریستی لەم چەشنە بین.

ناوبراو بە ئاماژەکردن بە بوونی بەربڵاوی مۆرە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستانی باشور، وتوویەتی: مۆرە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە هەموو هەرێمی کوردستاندا جیا لە نووسینگە و دەفتەرە ڕەسمییەکان لە چوارچێوەی خانە تیمی و نهێنییەکانیشدا کار دەکەن و وێڕای لەژێر چاودێری خستنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم، بە دەس ئاوەڵاییەوە چالاکی تێکدەرانە و تێرۆریستی ئەنجام دەدەن.

شەرەفی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی لایەنە بەستراوەکان بە سپای پاسداران و لەڕێگەی گرووپگەلێکی وەک حەشدی شەعبی کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەنجام دەدات؛ بەوتەی ناوبراو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بووەتە هۆکارێک لەمەڕ پەرەسەندنی چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیم لە کوردستانی باشور.

بەڕێز شەرەفی لە کۆتایی وتووێژەکەیدا وتوویەتی: بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دژکردەوەیەکی جیددی لەهەمبەر کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی نیشان نەداوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەورێکی نوێ لە تێرۆری چالاکانی سیاسی سەر بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان دەستی پێکردووە کە هەندێک لە چالاکانی سیاسی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی، ئەمە خولێکی نوی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی رێژیمە هاوشێوەی دەیەی ٩٠ی زایینی.