کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلەمولهۆدا: ئەو کچانەی لە سەر شەقامەکان سەرپۆشەکانیان ڕادەوەشێنن بەکرێگیراون

16:07 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەرنوێژی توندئاژۆی مەشهەد ڕێوڕەسمەکەی بورجی میلادی تارانی بە کردەوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو زانیوە و وتوویەتی ئەو کارە بۆ بێڕێزی کردن بە فاتمەی زەهرا، ڕێبەر، ئایینی ئیسلام ، بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ژنان و پیاوان بووە.

ئاخوند عەلەمولهۆدا لە خوتبەی نوێژی هەینی، ١٨ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاویدا وتوویەتی: بەرنامەکەی بورجی میلاد و سەمای کچەکان دەرخەری ئەوە بوو کە نموونەی کچانی ئێمە حەزرەتی زەهرا نییە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوتەریب لە گەڵ قسەکانی عەلی خامنەیی سەبارەت بە ئێختیاری بوونی حیجاب باسی لەوە کرد کە ڕاوەستانی کچێک لە سەر شەقام و ڕاشەکاندنی لەچکەکەی کردەوەیەکی منداڵانەیە و لە ڕاستیدا ئەوانە بەکرێگیراوانی کەسانێکن کە مەبەستیان سڕینەوەی ناسنامەی ئیسلامییە.

عەلەمولهۆدا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەکردن بەوەیکە سازکردنی بەرنامەیەکی وەها کە دژ بە حەزرەتی زەهرایە و بۆ هەتایە لە مێژوودا دەمێنێتەوە، داوای لە شارەوانی تاران کرد کە هەموو کەسانی بەشدار لەو بەرنامەیە لە سەر کارەکانیان دەر بکرێن و ئەرکەکانیان لی بستێندرێتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە بەرنوێژی کاتیی تاران پاش پیرۆزبایی کردنی ڕۆژی لە دایکبوونی کچی پەیغەمبەری ئیسلام ئاماژەی بە زۆرەملێ بوونی حیجابی ئیسلامی کرد.

کازم سدیقی وێڕای هێرش کردنە سەر بەرنامەکەی بورجی میلاد جەختی کردەوە کە نموونە بوونی ژنانی ئورووپایی بۆ ئێمە مایەی نەنگە.

سدیقی لە درێژەدا وتوویەتی: حەزرەتی زەهرا نموونەیەکی باشە و کچان و ژنان دەتوانن وانەکانی دایکایەتی، هاوسەری، بنەماڵە ویستی و هەروەها هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوسەرێکی خەباتکاری لێوە فێر بن.

عەلی خامنەییش ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حیجابی زۆرەملێی بە ئاکامی پڕوپاگەندەی دوژمن ناو برد و وتی ئاکامی ئەم ناڕەزایەتییانە هیچە وهاوکات لە گەڵ بەرگری کردن لە حیجابی ئیجباری وتی : حیجاب بەر بە ئازاری جنسی دەگرێت.

شایانی باسە کە ڕۆژێک پاش قسەکانی خامنەیی کچێکی دیکە لە یەکێک لە شارەکانی ئێراندا بە بێ گرینگیدان بە هەڕەشەکانی ڕێبەری ئێران سەرپۆشەکەی بە سەر دارەوە کرد و لە سەر بەرزاییەکدا ڕایوەشاند.