کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ \"بارودۆخی نائاسایی نیشتمانی\" لە بەرامبەر ئێران درێژ کردەوە

15:09 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە بڕیارێک، بۆ ساڵێکی دیکە بارودۆخی نائاسایی نیشتمانی لە بەرامبەر ئێران درێژ کردەوە.

ڕۆژی ٢شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمە دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرەی وڵاتەکەی، جێبەجێ کردنی بڕیاری بارودۆخی نائاسایی نیشتمانی بەرامبەر بە ئێرانی درێژ کردەوە.

لە ١٥ی مارسی ١٩٩٥ی زایینی، بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەو کاتی ئامریکا، بە بڕیاری ئیجرایی ١٢٩٥٧ لە بەرامبەر ئێراندا، بارودۆخی نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند تاکوو بتوانێ لەم ڕێگەوە لەبەرامبەر هەڕەشەی نائاساییەکانی ئێران لەهەمبەر ئەمنیەتی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەکی و ئابووریی ئامریکا بەربەرەکانێ بکات.

لەم نامەیەی دانڵد ترامپدا ئاماژە بە ڕێککەوتننامەی ناوکی کراوە و تێیدا هاتووە: لە ژانویەی ٢٠١٦دا ئامریکا تەحریمە ناوکییەکانی دژ بە ئێران هەڵگرتەوە کە بەهۆیەوە بەشێک لە بڕیارە ئیجراییەکانی پێشووتر هەڵوەشایەوە؛ ئەم هەنگاوە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە گەمارۆکانی ئێمەدا درووست کرد بەڵام تەحریمەکانی دیکەمان دژ بە کۆماری ئیسلامی وەک خۆیان ماونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، ترامپ تەئکیدی کردۆتەوە کە سیاسەت و هەنگاوەکانی ئێران لەوانەش گەشەدان بە بەرنامەی مووشەکی بالستیک، پشتیوانی لە تێرۆریزمی نێونەتەوەیی و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ، بەشێکن لەو هەڕەشە نائاساییانەی کە لە ئەمنیەتی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەکی و ئابووریی ئامریکا دەکرێت بۆیە جارێکی دیکە بڕیاری بارودۆخی نائاسایی نیشتمانی تا ڕێکەوتی ١٥ی مارسی ٢٠١٨ درێژ دەکەمەوە.