کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خانەخوێی جامی جیهانی زۆرانبازیی لە ئێران وەرگیرایەوە

16:03 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی جیهانی زۆرانبازی، لەبەر کێشەکانی فیدراسیۆنی زۆرانبازیی ئێران، خانەخوێی جامی جیهانی زۆرانبازیی لە کەرتی فەرنگی لە ئێران وەرگرتووە.

یەکیەتیی جیهانی زۆرانبازی بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ فیدراسیۆنی زۆرانبازیی ئێران، لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هۆی کێشەکان و بارودۆخی فیدراسیۆنی زۆرانبازیی ئێران، بەڕێوەچوونی جامی جیهانی کە بڕيار بوو، لە مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوو لە ئەهواز بەڕێوە بچێت، هەڵوەشاندەوە.

یەکیەتیی جیهانی وەرزشی زۆرانبازی، ئەو بڕیارەی بە فەرمی بە هەموو وڵاتانی بەشدار لە جامی جیهانی ڕاگەیاندووە.

فیدراسیۆنی زۆرانی ئیران، بە هۆی وازهێنانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەو فیدراسیۆنە و ناڕەزایەتیی زۆرانبازانی ئێرانی، لە هەمبەر سیاسەتە وەرزشییەکانی ڕێژیمی ئیران، تووشی کێشە بووە و ڕەخنەی زۆر بە بۆنەی پێشگرتن لە زۆرانبازان لە کێبڕکێ لەگەڵ زۆرنبازانی ئیسرائیلی، لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گیراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە سەرەڕای گوشارە نێونەتەوەیییەکان، بەرپرسی کۆمیتەی نەتەوەیی ئولەمپیکی ئێران ڕایگەیاندووە، کە زۆران نەگرتن لەگەڵ زۆرانبازانی ئیسرائیلی، بەشێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە و هەڵناوەشێتەوە.

ڕێژیمی ئیران، بەگشتی سیاسەتە وەرزشییەکانی بووەتە هۆی ناڕەزایەتی وەرزشوانان و کۆمەڵگەی وەرزشی جیهانی و مافی مرۆڤ، یەکێک لەو کێشانە پرسی حیجاب و بەشداری کردنی ژنە وەرزشوانەکانی ئێران لە کێبڕکێیە جیهانییەکانە، هەروەها سنووردار کردنی هەڵسوکەوت و هاتووچۆی وەرزشوانەکان و تەنانەت کێشەی یانە وەرزشییەکانیشە.

جێگەی ئاماژەیە، بەشداری کردنی ژنان لە کێبڕکێیەکاندا، وەکوو بینەر لە یانە و شوێنە وەرزشییەکاندا بەتایبەت فوتباڵ، لە سیاسەتە وەرزشییەکانی ڕێژیمی ئیرانە، کە بووەتە پرسێکی جیهانی و گوشاری زۆری خستووەتە سەر ڕێژیمی ئیران.