کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم نەیتوانی پێش بە بەڕێوەچوونی چوارشەممە سووری لە ئێران بگرێت

22:16 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای هۆشدار و ئەگەرەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە مەڕ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری، هاووڵاتییان لە ئێران و لە کوردستان ئەو ڕێوەڕەسمەیان لە ساڵانی پێشوو بەشکۆتر و بەرینتر بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان، ڕێوەڕەسمی چوارشەممە سووری، سەرەڕای کەشوهەوای ئەمنییەتی، هاووڵاتییان لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری بەشداریان کرد و ئەو جێژنەیان بەڕێوە برد.

لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریدا، بە هۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان، چەندین قوربانی لێ کەوتەوە، کە ئاماری قوربانییەکان لە پارێزگای سنە، بە ٩٠ کەس ڕاگەیەندرا، کە برینی ١٤ کەسیان قورسە و کەسێكیش ئەندامێکی جەستەی لە دەست داوە.

شاری سنە بە بوونی ٥٠ قوربانی زۆرترین ژمارەی قوربانیانی پارێزگای سنەی لە خۆ گرتووە.

ئاماری قوربانی شارەکانی دیکەی پارێزگای سنە بەم شێوەیە:
قوروە (١٧ کەس)، بیجار (٧کەس)، سەقز (٨ کەس)، کامیاران (٤کەس)، دێگولان (٣ کەس) و دیواندەرە (٤ کەس).

ئاماری قوربانییەکانی شاری ورمێ، خۆی لە ١١٧ کەس دەدات، کە ٥ کەسیان ئەندامی جەستەیان لە دەست داوە.

لە شاری کرماشان ئاماری برینداربووان، ١٦٨ کەس ڕاگەیەندراوە، کە ٣ کەسیان ئەندامی جەستەیان لە دەست داوە.

هەموو ساڵێک لە ئێران و کوردستاندا، لە دوایین چوارشەممەی ساڵدا، بە مەبەستی دوورخستنەوەی ناخۆشییەکان و هێنانی خێر و بەرەکەت بۆ ساڵی نوێ ئاگر دەکرێتەوە.