کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی نێ لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەرەوە گەمارۆ دراوە

17:58 - 4 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هێزە دژەگەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوندی نێی مەریوانیان گەمارۆ داوە و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەری کوردستان میدیا، هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، حیفازەت ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران و سەرجەم جاش و بەکرێگیراوکانی سەر بە سپا لەم ناوچە گەمارۆی گوندی نێ یان داوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە گوندی نێ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند: سێ‌ڕێیانی نێ، جاددەی ۹۰میتری، جاددەی سەدەکه، سێ‌ڕێیانی ولەژێر، وروودی ناو گوندی نێ، مەیدانی دوکتور قاسملوو، هەموو کوچه و کۆڵانەکانی گوند، سێ‌ڕێیانی سیاناو، مەیدانی فوتباڵ، شەڕگە، مەنبەعی ئاو، قەبرستانی گوندی شاخی قەڵاگوان بە هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران تەنراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەدا باسی لەوە کرد: بێجگه لەوانە هێزێکی زۆری پیاده لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نێردراوەتە شاخەکانی دەورووبەری ئەو گوندە و بۆ هاتوچۆی خەڵک کارتی شناسایی لە هاووڵاتییان وەردەگرن و هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بە ماتۆڕ گەشت لە نێو خەڵکدا لێ دەدەن.

هاوکات ئەو هێزانەی ڕێژیم زۆر بە تووندی لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوت دەکەن و چوار دەوری ئەو گوندەیان داوە و ڕێژیم لە تەپەی دوریسان بە هێلیکۆپتێر هێز ڕەوانەی سنوورەکان دەکات.