کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی پەیام‌ نووری مەریوان، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیان لە مانگرتنی بازاڕیانی کوردستان کرد

16:35 - 30 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان، سەبارەت بە مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان بە هۆی داخرانی سنوورەکانەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان، لەو ڕاگەیەندراوەدا، لە چەند خاڵێكدا پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی دووکاندارن و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان دەربڕیوە.

‍ دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خۆشەویست و بەهەڵوێستی کوردستان،


هەروەها کە ئاگادارن ماوەیەکی زۆرە سنوورەکان داخراون و نرخی گۆمرۆک لە ڕادەیەکی سەرسووڕهێنەردا بەرز بووەتەوە و ئەمە بووەتە هۆی کزیی لەڕادەبەدەری بازاڕەکانی شارە سنوورنشینەکان، بەتایبەت مەریوان و بانە و جوانڕۆ و بە شێوازی ناڕاستەوخۆیش لەسەر شارە کوردنشینەکانی دیکه کاریگەریی نەرێنی داناوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم دۆخە، کێشەی بۆ ژیانی خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت سنوورنشینەکان کە سنوورەکان تەنیا ڕێگای بژیویی ژیانیانە دروست کردووە؛ هەروەها بە بۆنەی نەبوونی هەلی کار و نەبوونی کارخانە لەم ناوچانە، خەڵک بەناچار ڕوویان ‌کردووەتە کاروباری سنوورەکانەوە. ئێستەش بە بۆنەی داخرانی سنوورەکانەوە، خوانی بازاڕییان و خەڵکی ئەم شارانە خاڵییە و بە واتایەکی تر خەڵک برسییانە.

ئێمەش وەکوو چینی خوێندکاری شاری مەریوان، پشتگریی خۆمان لەم مانگرتنە ڕادەگەیەنین و لە خەڵکی هەموو کوردستان داواکارین کە:

- بە داخستنی بازاڕەکان لە هەموو شارە کوردنشینەکان، پشتیوانیی لە مانگرتنی بازاڕییان مەریوان و بانە و جوانڕۆ بکەن.

- چینە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا (فەرمانبەران و خوێندکاران و...)، بۆ پشتیوانی لەم مانگرتنە، هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن.

- مانگرتووان تا بەدیهاتنی خواستەکەیان، لەسەر مانگرتن و ناڕەزایەتی سوور بن.

خوێندکارانی زانکۆی پەیام ‌نووری مەریوان
۲۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی