کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبێری سپای پاسداران بۆ سەر زانکۆکانی ئالمان

17:37 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بڵاڤۆکێکی ئاڵمانی ئاشکرای کردووە کە هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر زانکۆکانی ئەو وڵاتە.

حەوتوونامەی ئێشپیگلی ئاڵمان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران بە هێرش کردنە سەر ٢٣ زانکۆی ئەو وڵاتە، زانیارییەکی زۆر و بەڵگە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو زانکۆیانە و هەروەها، تێزی دوکتورا و ڕاپۆرتی دانیشتنە زانستییەکانی ٣٤ ناوەندی هاوکاری ئەو زانکۆیانەیان دزیوە.

کارناسانی ئەمنییەتی ئاڵمان، ڕایانگەیاندووە کە هەکێرەکانی دامەزراوەیموبەنا کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن، ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە و دادستانی ئاڵمان لەو پەیوەندییەدا، پەروەندەیەکی بۆ دۆزینەوەی هەکێرەکان بە تاوانی چالاکی جاسووسی پێک هێناوە.

دامەزراوەی موبەنا کە سەر بە سپای پاسدارانە و لە سەرانسەری جیهان چالاکی سایبێری و تێرۆریستی دەکات، ساڵی ڕابردوو بە تاوانی هێرشی سایبێری بۆ سەر زانکۆکانی ئامریکا، لە لایەن وەزارەتی دادی ئامریکا گەمارۆی خرایە سەر.