کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو وڵامی چەواشەکارییەکانی زەریفی دایەوە

16:50 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پاش وتووێژی محەممەدجەواد زەریف لەگەڵ کەناڵی سی‏بی‏ئیســی ئامریکایی ڕایگەیاند، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران زۆر لەگەڵ قسەکانی زەریف جیاوازیان هەیە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتی وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی سی‏بی‏ئیس لە نیۆیۆرک، ڕەتی کردۆتەوە، کە ئێران بەرەو هەڵگرسانی شەڕێکی ناوچەیی لەگەڵ ئیسرائیل هەنگاو هەڵدەگرێت.

ناوبراو ئیسرائیلی بەوە تاوانبار کردووە، کە سەروەریی وڵاتان ڕەچاو ناکات و سنووری ئاسمانی سووریەی بەزاندووە، هەروەها هەڕەشەی کردووە، کە لە ئەگەری بەردەوامی ئیسرائیل لەو جۆرە کارانەی داهاتوویەکی خراپ چاوەڕوانیان دەکات.

چەند کاتژمێرێک پاش قسەکانی زەریف، بنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتێکە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری تەقەمەنی ڕەوانەی وڵاتی ئێمە دەکات و مووشەکی بالستیکی بە وڵاتی عەرەبستانی سعوودییەوە دەنێت.

نێتانیاهوو لە کۆبوونەوەی تایبەتی سەرانی ئەرتەشی وڵاتەکەی وتوویەتی: وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی ئاخاوتن و وتووێژ لەگەڵ میدیاکان بە زمانێکی نەرمەوە چەواشەکاری دەکات، بەڵام نێوان ئەم زمانە نەرمی ناوبراو و هەڵسوکەوتەکانی سپای پاسدارانی وڵاتەکەی کە بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردنی ئێمە دەکەن زۆر جیاوازی هەیە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: لە کاتێکدا ئێمە چاک دەزانین کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هێزێکی دژبەری ئێمەیە، کە بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەمان، چی دیکە ئەم چەواشەکاری و زمانە نەرمییەی زەریف هیچ بایەخێکی لای ئێمە نییە.

لە وتووێژێکی ڕادیوییدا، ئاویگدۆر لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە بەرانبەر هەڕەشەکانی حوسێن سەلامیدا ڕایگەیاندبوو: هەموو بنکە و دامەزراوەکانی سپای پاسداران لە سووریە دەکرێنە ئامانجی فڕۆکەکانی ئێمە.