کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانە کرێکارییەکان لە ئێراندا بەردەوامن

22:02 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی پۆڵای قەزوین و شارەداریی حەمیدییە، لە ڕێگای خۆپیشاندانەوە داوای مافەکانی خۆیان کردووە.

دوای دەرکردنی ١٠٠ کەس لە کرێکارانی کارخانەی پۆڵای قەزوین، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، زۆرتر لە ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی ئەو کارخانەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دەرکردنی هاوکارەکانیان، لە بەردەم فەرمانداریی شارۆچکەی تاکستانی قەزوین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێناوە.

بە وتەی کرێکارانی ئەو کارخانەیە، زیاتر لە سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەگەری ئەوە هەیە، کە کرێکارانی دیکەش دەر بکرێن، کە بە کۆبوونەوە لە بەردەم فەرمانداریی داوای مافەکانیان و ئەمنییەتی کاری خۆیان کردووە.

کرێکارانی شارەداریی حەمیدییەش، کە پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بە کۆبوونەوە لە بەردەم شارەداریی ئەو شارە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و داوای مووچە دواکەوتووەکەیان کردووە.

بەگشتی لە زستانی ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستە، خۆپیشاندانە کرێکارییەکان لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بووە، گوشارە ئابوورییەکان و پێشلکردنی مافی کرێکاران لە لایەن ڕێژیمەوە وای کردووە، کە کرێکارانی سەرتاسەری ئێران بۆ وەرگرتنی مافەکانیان بە شێوەی خۆپیشاندان دەنگی خۆیان درببڕن.