کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی بەرجام لە نێوان بڕیار و هەڕەشەکاندا

20:55 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: مەرج و ڕێوشوێنەکانی ئامریکا و فەرانسە بۆ مانەوە لە بەرجام لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، داهاتووی ئەو ڕێککەوتننامەیە دیاری دەکات.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە کۆشکی سپی پێشواری لە سەرکۆماری فەرانسە، ئێمانۆئیل ماکرۆن کردووە و لەسەر داهاتووی ڕێککەوتننامەی بەرجام ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دانڵد ترامپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئێمانۆئیل ماکرۆن کردووە و پێکەوە ڕێوشوێن و بیروڕایان بە نیسبەت چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ڕێژیمی تاران و داهاتووی ڕێککەوتننامەی بەرجام، گۆڕیوەتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وێڕای دووبارە جەخت کردنەوە لەسەر خراپ و ترسناک بوونی ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێککەوتننامەیە ناتەواوە و پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت یان بەتەواوەتی هەڵبوەشێندرێتەوە.

لە ئاکامی ئەو چاوپێکەوتنەدا هەر دوویان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە لە ڕێککەوتننامەی ناوکی نوێ لەگەڵ ئێراندا پێویستە: دڵنیا ببینەوە لەوەیکە ڕێژیمی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات،ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان بە تایبەتی و وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی بگیرێتە بەر وبە تەواوەتی کۆتایی بە یارمەتییەکانی ئەو ڕێژیمە و پڕچەککردنی تیرۆریستانی ناوچەکە و وەستاندنی چالاکییە مووشەکییەکانی لە ناوچەدا بهێندرێت.

لە بەرانبەر ئەو ڕێوشوێن و ڕێکارانەی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچە کە لە ئاکامی کەموکوڕییەکانی بەرجامدا هاتوونەتە ئاراوە، عەلی شەمخانی بەرپرسی شۆرای باڵای تەناهی نەتەوەیی ئێران، هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئەوانیش لە ڕێککەوتننامەی ئین‏پی‏تی، (ڕێککەوتننامەی قەدەغە بوونی پەرەدان بە چەکی ناوکی)، دەکشێنەوە.

حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێرانیش پێشتر رایگەیاندبوو: ئێمە لە هەموو کاتێک بەهێزتر و ئامادەترین، ئەگەر کەسێک ڕێککەوتننامەی بەرجام هەڵوەشێنێتەوە یان دەستی لێ بدات کە بەدڵی ئێمە نەبێت، زۆر گران بۆی تەواو دەبێت.