کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلەکشاهی و سیروان دوو شارستانی تازە دامەزراو لە پارێزگای ئیلام بە کەمترین خزمەتگوزاری و ئیمکاناتەوە

13:49 - 23 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دوو شارستان بە ریزی شارەکانی پارێزگای ئیلامەوە زیاد کراون و ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەو دوو شارستانە ئیمکاناتێکی ئەتۆییان بۆ تەرخان نەکراوه.


خەڵکی ئەو دوو شارستانە تازە دامەزراوەیە بەدەست کەمی ئیمکاناتی پزشکی، نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.
تەرخان نەکردنی ئەو ئیمکاناتە بۆ ئەو دوو شارستانە وای کردووە کە مەلەکشاهی و سیروان تەنیا هەڵگری ناوی شارستان بن و لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای ئەو کەموکۆڕییانه، نەبوونی خواردنەوەی ئاوی خاوێنیش بە کێشەکانی ئەو دوو شارستانە زیاد بووه.
مەلەکشاهی ماوەی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بڕیاری بە شارستان کردنی دراوە و سیروانیش چەند مانگ لەمەوبەر کرا بە شارستان.
هاووڵاتییانی ئەو دوو شارە بە هەواڵدەریی مێهریان راگەیاندووه، ئەگەر دەوڵەت و لێپرسراونی پارێزگای ئیلام توانای دابین کردنی ئیمکاناتیان بۆ ئەو دوو شارستانە نییە، باشتر وایە مەلەکشاهی و سیروان بگەرێندرێنەوە سەر دۆخی پێشوو.
لاوەکانی ئەو دوو شارستانەش بەگشتی لەو باوەڕە دان بێکاری و نەبوونی پیشەیەکی تەندروست، وای کردووە کە خەمۆکی و نەخۆشیی دەروونی بەرۆکیان بگرێت.
پارێزگای ئیلام لە ئاستی ئێراندا خاوەنی ١١% گاز و ٧% نەوتی سروشتییە و رۆژانە زیاتر لە ١٦٠ هەزار بەرمیل‌ نەوت لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوانە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن.
بەوتەی بەرپرسانی خودی رێژیم زیاتر لە ٢٥% ـی خەڵکی ئیلام بێکارن و سەرجەم ئەو هەوڵانەی کە بۆ بنبڕ کردنی ئەو قەیرانە دراوە بێ‌ ئاکام ماونەتەوه.