کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی هاوڕێیانی پێشوو، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتیان کرد

13:49 - 24 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: درێژەدان بە سیاسەتی دیالۆگ، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجی نزیک بوونەوە، هاوکاری‌ و هەڵگرتنی کۆسپەکانی سەر رێگای ئەم هاوکارییە بە ئامانجی یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزب لە تەوەرەکانی دانیشتنی ئەو دوو هەیئەتە بوون.


محەممەد نەزیف قادری: خاڵی بەهێزی ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە پەیامی ئەوە بە خەڵک دەدات کە تێکۆشەرانی کورد، سەرەڕای جیاوازی بیر و بۆچوون لەسەر پرسە سیاسی ــ تەشکیلاتییەکان، دەتوانن بە دیالۆگ و وتووێژ سیاسەتێک رەچاو بکەن کەلە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، هەیئەتێک لە هاوڕێیانی پێشوو بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا مەولوودی، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد ‌و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی، بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.
لەو پێوەندییەدا محەممەد نەزیف قادری بەرپرسی هەیئەتی حیزب بۆ دیالۆگ لەگەڵ هاوڕییانی پێشوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە لە درێژەی دانیشتنی یەکەم‌دا بوو و لەو دانیشتنەدا وێڕای باس کردن لەسەر بڕیاراتی کۆنگرەی ١٥هەمی حیزب، باسیشمان لە دەرکردنی بڕیارنامەیەک هەر لەو کۆنگرەیەدا بە مەبەستی درێژەدان بە دیالۆگ و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و لە ئاکامدا یەکگرتنەوەی تێکۆشەرانی دێمۆکرات کرد.
بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێمۆکرات بۆ دیالۆگ، لەپێوەندی لەگەڵ کۆسپەکانی سەر رێگای ئەو دانیشتنه و هەروەها یەکڕیزی وتی: هەموو دیاڵۆگ و دانیشتنێک لەسەر کۆمەڵێک ئامانجی دیاری کراوە، بێ‌ گۆمان لەو دانیشتنەشدا خاڵی جیاواز هەیە و هەر لایەنێک خوێندنەوەی جیاوازی بۆ مەسەلەکە هەیە.
محەممەد نەزیف قادری ئاشکراشی کرد، گرینگ بۆ ئێمە وەکوو حیزبی دێمۆکرات درێژە دان بە دیاڵۆگ و هەنگاو نان بۆ هەڵگرتنی ئاستەنگەکان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی کەلە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی میللی ــ دێمۆکراتیکی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێمۆکراتدا بێت.
ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە روانینی دەفتەری سیاسی بۆ ئەو دانیشتنانە چوونە؟ وتی: ئەو دیالۆگ و دانیشتنانە گەڵاڵەکەی لەلایەن دەفتەری سیاسیی و لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەدا داڕێژراوە.
محەممەد نەزیف قادری لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستە روو، بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب زۆر بە بایەخەوە دەروانێتە رەوتی دانیشتنەکان و بۆ خۆشیان لە میواندارێکدا کە بۆ هەیئەتی هاوڕییانی پێشوو رێکخرابوو بەشدار بوو و لەوێ‌دا هیوای خواست کە ئاکامی ئەو دانیشتنانە بەرەو چارەسەرێکی باش و لابردنی ئاستەنگەکان بڕوات.
لەم دانیشتنەدا محەممەد نەزیف قادری پابەند بوونی رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٥ی بە بڕیار ‌و هەوڵی ئەو دیالۆگانە بە مەبەستی یەکڕیزی، جارێکی دیکە بە ئاگاداری هاوڕێیانی پێشووی راگەیاندووە.