کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ‌ راگەیندراوێكیان بڵاو كردەوە

19:31 - 16 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایان رایانگەیاندووە، بەهۆی كەمتەرخەمی ‌و سیاسەتی لەمێژینەی هەڵاواردن ‌و دابین نەكردنی لانەكەمی ستاندارد ‌و پێداویستیەكانی پەروەردە‌و فێركردن، كارەساتی دڵ تەزێنی ئاگر لێكەوتنەوەی قوتابخانەی سەرەتایی شیناوێی پیرانشار هاتە ئاراوە.

نوسخەیەك لەو راگەیەندراوە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە

دەقی راگەیندراوەكە:

خەڵكی بە ئەمەگ‌و خەباتكاری كوردستان
هەروەك بیر‌وڕای گشتی ئاگادارە، سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی، دیسانەوە بەهۆی كەمتەرخەمی‌و سیاسەتی لەمێژینەی هەڵاواردن ‌و دابین نەكردنی لانەكەمی ستاندارد‌و پێداویستیەكانی پەروەردە‌و فێركردن، كارەساتی دڵ تەزێنی ئاگر لێكەوتنەوەی قوتابخانەی سەرەتایی شیناوێی پیرانشار هاتە ئاراوە، كە تێیدا پۆلێك قوتابی كردە ئامانجی خۆی ‌و وێڕای ئەوەی كە تاكوو ئێستا خەساری گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام حاڵی ٨كەس لە قوتابیان مەترسی دار‌و نالەبار راگەیاندراوە.
ئەم كارەساتە، وێڕای ئەوەی ویژدان ‌و دڵی هەموو مرۆڤێكی نیشتمان پەروەر ‌و مامۆستایان ‌و بنەماڵەی قوربانیان ‌و خەڵكی ناوچەكەی هەژاند، هاوكات دەرخەری ئەو راستییەیە كە لەم سەردەمەدا بە بەراورد لەگەڵ جیهانی ئازاد‌و پێشكەوتوو، قوتابیان‌و قوتابخانەكانی كوردستان بێ‌ بەرین لە هەرجۆرە ئیمكانات ‌و پێداویستیەكی خوێندن ‌و پەروەردە‌و لەوەها هەلومەرجێكی دژواردا بەهۆی هەڵاواردن ‌و پەراوێز خستنی كوردستان لە هەموو بوارەكانی پێشكەوتن ‌و گەشەسەندن‌و بەتایبەت لەبواری پەروەردەدا، كارەسات بارتر ئەوەیەكە لە ئەگەری هەر رووداوێكی هاوچەشن، هیچ جۆرە دەرەتان‌و ئیمكاناتێكی ئەوتۆ لە باقی دام ‌و دەزگا ‌و دامەزراوەكانی خۆجێیی حكوومەتدا بەدی ناكرێ‌ كە پێش بەم جۆرە رووداوانە بگیردرێ، بۆ وێنە نەبوونی ئیمكاناتی دەرمانی، دەرمانگا‌و بەڕێكردنی قوربانیانی ئەم رووداوە بۆ شارەكانی دەورووبەر.
یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایان وێڕای مەحكووم كردنی ئەم كارەساتە، حكوومەتی ئیسلامی ‌و دام ‌و دەزگا پەیوەندیدارەكانی لەهەمبەر ئەو رووداوە مرۆییە بە تاوانباری سەرەكی دەناسێ‌ ‌و، هاودەردی خۆی لەگەڵ كەس ‌و كاری قوربانیان ‌و خەڵكی ناوچەكە رادەگەیەنێ ‌و هیواخوازە هەرچی زووتر قوربانیانی ئەو كارەساتە، دۆخێكی ئاسایی تر لە ژیان بە خۆوە ببینین.
یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
١٦ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی
٦ی دێسامبری ٢٠١٢ی زایینی