کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لەژێر ناوی \"گەشەپێدانی ئابووری و کشتوکاڵ\"دا سەرقاڵی لە ناو بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانە

13:21 - 19 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی سەرقاڵی لەناو بردنی ئاسەوار و شوێنە مێژووییەکانی ناوچەکانی مەریوان و هەورامان دایە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، سپای پاسداران ماوەیەکە چاوی بڕیوتە قەڵای مەریوان لە گوندی بەرقەڵای ئەو شارە و لە هەوڵی ئەوە دایە کە بەدەوری ئەو قەڵایە تێڵ‌دروو بکێشێت.
بەوتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە سپای پاسداران دەیهەوێ‌ ئەو قەڵایە تێک بدات و بە جێگای ئەوە بینایەکی دیکەی لێ‌ دروست بکات.
قەڵای مەریوان مێژووی دروست کردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام و هەروەها بەشێکی دیکەش لەو بینایە مێژووییەکی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی میرنشینی ئەردەڵانەکان.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا یەکەم جاری نییە کە هەوڵی لەو چەشنانە دەدات، پێشتریش بەبیانووی بەرفراوانتر کردنی رێگاوبانەوە گورستانی مێژوویی گوندی بەرقەڵایان تێک دا و لە هەوڵێکی دیکەشدا بە بیانووی دەرهێنانی بەرد، دەوروبەری قەڵای مەریوانیان هەڵکەند و لە حاڵی حازردا مەترسیی دارووخانی ئەو قەڵایە دەکرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەوبەریش ئاسەوارە مێژووییەکانی گوندی ئەسپەرێزی ناوچەی هەورامانی سەربە سەوڵاوا، لەلایەن کەسانێکی دیاری کراو و دەست و پێوەندیی رێژیمەوە بەتاڵان بردران.
دروست کردنی بەنداوی گاران لە ناوچەی چنارە و لەناو بردنی ئاسەوار و ئاواییەکانی ئەو ناوچەیە وەکووعیسەولە بە یەکێکی دیکە لە پیلانەکانی رێژیم دێتە ئەژمار.