کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوخەمیی منداڵانی ناوەندی نێرگز لەگەڵ قوتابیانی شیناوێ لە رۆژی ماتەمینی گشتیدا

13:33 - 23 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردە و بارهێنانی منداڵانی کوردستان لە رۆژی ماتەمینی گشتیی کوردستاندا بەنیشانەی هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ منداڵانی قوتابخانەی شیناوێ، پرسە و سەرخۆشیی خۆیان لە رێوڕەسمێکدا دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز لە رۆژی ماتەمینی گشتیی کوردستاندا، ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی فیکری و هونەریی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستانی ئێران بەنیشانەی دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ قوتابییان و بنەماڵەکانی قوتابخانەی شیناوێ، رێوڕەسمێکی لەسەر گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد.
لەو رێوڕەسمەدا بەڕێز تاهیر مەحموودی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێمۆکرات، منداڵانی ناوەندی نێرگز و بنەماڵەکانیان و هەروەها کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ئازادی حیزبی دێمۆکرات، بەشدار بوون.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و ئەی شەهیدان لەلایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە دەستی پێکرد.
پاش خوێندنی الفاتحە لەسەر گۆڕی شەهیدانی حیزبی دێمۆکرات بۆ رۆحی پەپوولەیی سەیران یەگانە قوربانیی کۆچکردووی کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ، تاهیر مەحموودی کورتە وتارێکی پێشکەش کرد.
بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی لە وتارەکەیدا وێڕای سپاس و پێزانینی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە خەڵکی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەبۆنەی دەربڕینی سۆز و هاوخەمیی خۆیان لە کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ، گوتی: ئێمە هەڵوێستی حیزبی دێمۆکرات سەبارەت بەم کارەساتە لەم بۆنەیەدا دووپات دەکەینەوە و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە لەهەمبەر کەمتەرخەمییەکانی کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بێ‌دەنگ نەبن و لە هەموو رێگایەکەوە لەمەڕ قەرەبوو کردنەوەیان گوشار بۆ بەرپرسانی رێژیم بێنن.
مەحموودی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەحمەد خاتەمی پێش‌نوێژی کاتیی تاران کرد کە لەو هەلومەرجە هەستیار و ناسکەدا، کارەسات و برینی ئەو قوتابیانەی لەبیر کردووە و رەخنەی لە چۆنیەتیی حیجاب و خۆداپۆشینی ئەو پەپوولانە گرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕە ماتەمینەدا کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی حیزبی دێمۆکرات، بە بەشداریی خۆیان، هاوسۆزییان لەگەڵ هاوکار و پەرستارەکانی پەپوولەکانی شیناوێ دەربڕی و سپاس و پێزانینی خۆیان لەمەڕ هاریکاری و یارمەتی دان بەو قوتابییانە دووپات کردەوە.
هەروەها بنەماڵەی منداڵانی نێرگز بە بەشداری کردنیان هاوخەمی و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە دەربڕی.
هەر لەو پێوەندییەدا فاتێح ساڵحی بەرپرسی ناوەندی نێرگز، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردستان میدیا، هاودەردی و هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانەی شیناوێ و بەتایبەت مامۆستای پۆلی چواری ئەو قوتابخانەیە دەربڕی.
لە وتووێژێکدا کە هەواڵنێری کوردستان میدیا لەگەڵ ژمارەیەک لەو منداڵانەی ناوەندی نێرگز ئەنجامی دا، تێکڕای ئەو منداڵانە خۆیان بەناوی سەیران یەگانە، قوتابیی کۆچ کردووی کارەساتی شیناوێ، ناساند و گوتییان: هەر کام لە ئێمە سەیرانێکین کە بە قوربانی بوونی ئەو لە راستیدا ئێمەش بووینەتە قوربانی و قەت خۆمان لە خەم و ئازاری ئەو قوتابیانە بە دوور نازانین.