کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێكی پایەبەرزی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ هاوڕییانی پێشوو كۆبۆوە

19:12 - 23 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: لەو دانیشتنەدا بەڕێز مستەفا هیجری ئامانجی ئەو سەردانەی گەڕاندەوە بۆ هەوڵدان بۆ نزیكبوونەوە، دیالوگ ، هاوكاری، یەكگرتوویی و یەكڕیزی هێزە سیاسیەكانی كوردستان.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٢ی سەرماوەز هەیئەتێكی پایەبەرزی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی رێبەری سەردانی هاوڕێیانی پێشوویان كرد ‌و لە لایەن هەیئەتێك بە سەرپەرستی بەڕێز خالید عەزیزییەوە پێشوازیان لێكرا.
لەو دانیشتنەدا بەڕێز مستەفا هیجری سپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد ‌و ئامانج لەسەر دانەكەی كە هەوڵدان بۆ نزیكبوونەوە، دیالوگ، هاوكاری، یەكگرتوویی و یەكڕیزی هێزە سیاسیەكانی كوردستان بوو خستە بەر بیر و بۆچوونی هاوڕێیان.


پاشان بەڕێز هیجری باسێكی لەسەر رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران ‌و پرسی كورد بە گشتی، پرسی كوردستانی ئێران، خەباتی خەڵكی راپەڕیوی سووریە دژی حكوومەتی بەشار ئەسەد کرد ‌و خەبات ‌و تێكۆشانی گەلی كورد لەو وڵاتەی بە گرینگ زانی ‌و كەند‌و كوسپەكانی سەر رێگای ئەو خەباتە ‌و ئاكامەكەی شێكردەوە.


مستەفا هیجری لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پڕژایە سەر هەڵوێستی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ‌و هاودەنگییان لە پێوەندی لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی ‌و كۆڕ ‌و كۆمەڵە نیونەتەوەیییەكان ‌و لەسەر هەر كام لەو پرسە سیاسیانە قسەی كرد.
سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات لە قسەكانیدا لەسەر رەوشی سووریە لەو باوەڕەدا بوو رووداوەكان ‌و هەڵوێستی ئەم دواییانەی وڵاتانی رۆژئاوا ‌و ئەمریكا ‌و جوولە سیاسییەكان ئەوە دەگەیەنن، رێژیمی بەشار ئەسەد بەرەو رووخان دەچێ ‌و پرسی كوردیش لەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەی كە كۆمەڵێك ئاستەنگی لەسەر رێیدایە، لە ئاكامدا بەرەو ئەوە دەچێ كە بە بەشێك لە ئامانجەكانی بگا و بەڕێزیشیان ئاماژەی بەوە كرد بە رووخانی رێژیمی بەعسی سووریە رێژیمی كۆماری ئیسلامی یەكێك لە پێگە گرینگەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست دەدا ‌و بەگشتی باڵانسی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.
بەڕێز هیجری لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ئەو ئاڵوگۆڕانە كارتێكەری ئەرێنی لەسەر بزووتنەوە جەماوەرییەكان ‌و خەباتی كۆمەڵانی خەڵكی تینوی ئازادی وڵاتی ئێران ‌و بە تایبەت خەباتی كوردەكان لەو وڵاتەش دادەنێ‌ و لەو حاڵەتەدا یەكیەتی‌ و یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران پێویستییەكی زیاتر لە جاران بە خۆیەوە دەبینێت.


بەشێكی دیكەی باسەكە تەرخان كرا بە چۆنیەتی هاوهەڵوێستی لەسەر ئەو چەمكە سیاسییانە ‌و باس ‌و بەشداریكردنی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی ‌و پێداگرێ لەسەر مافە رەواكانی نەتەوەكانی ئێران، دێموكراسی ‌و دابەشبوونی دەسەڵات لە داهاتووی ئێرانێكی دێمۆكراتیك ‌و فیدراڵدا، كە بەشداری هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران بە یەك گوتاری نەتەوەیی ‌و یەك هەڵوێست ‌و ئیرادەی بەهێز دەتوانی سەركەوتن و دەستكەوتی سیاسیی زیاتر بەدەست بێنێت.
پاشان بەڕێز خالید عەزیزی سپاسی بەڕێز كاك مستەفا هیجری كرد ‌و قسەكانی بەڕێزیانی بە باسێكی واقیعبینانە وەسف كرد ‌و لەو باوەڕەدا بوو بابەتەكانی كە لەو باسەدا هاتنە ئاراوە لە راستیدا روانگەی ئەوانیشە و لە زۆر بارەوە خاڵی هاوبەشیان هەیە.

لەو كۆبوونەوەیەدا دانیشتنی هەیئەتەكان ‌و دەست پێكردنی دیالۆگ، بە هەنگاوێكی بەسوود وەسف كرا ‌و لەو باوەڕەدا بوون كە مادام بۆچوونەكان لێك نزیكن دەکرێ میكانیزمی پێكەوە كاركردن و هاوكاری دیاری بكەرێ‌ و لە داهاتوودا دەکرێ كۆسپی سەر رێگاكان هەڵبگیردرێ‌.

پاش تەواوبوونی باسەكەی بەڕێز عەزیزی بەشدارانی كۆبوونەوە هەركام را و تێبینیەكانی خۆیان باس كرد و لەو دانیشتنەدا لەسەر كۆبوونەوەی هەیئەتەكان ‌و درێژەدان بە رەوتی دیالۆگ ‌و هاوكاری ‌و هەماهەنگی لەسەر ئەو كۆمەڵە پرسە گرینگە كە لە باسە سیاسییەكەدا جەختی لەسەر كرابووە پێ‌ داگیرایەوە.


لە كۆتایی ئەم دانیشتنەدا بەڕێز سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، رایگەیاند، ئێمە بەردەوام دەبین لە دیالۆگ ‌و نزیكبوونەوە و هاوكاری ‌و وتیشی: بێگومان گەلی كورد ‌و دۆستانیشمان بەو هەنگاوە خۆشحال دەبن.