کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئیعدامی زانیار و لوقمان مورادین

16:08 - 23 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە رێکخراوە مەدەنییەکان و زیندانیانی سیاسی، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئیعدامی دوو هاووڵاتیی کورد بوون و لەو باوەڕە دان ئیعدامەکان لە کوردستان ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە ناو دڵی هاووڵاتییانەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا کەمپەینی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، زانیار و لوقمان مورادی ( ئاموزا) لە رێکەوتی ١٧‌ی بەفرانبارەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.
زانیار و لوقمان مورادی رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی محارب و مفسد فی الارض هەر دووکیان حوکمی ئیعدامیان لە شوێنی گشتیدا بۆ بڕایەوە.
پێشتر لوقمان و زانیار مورادی لە رەنج‌نامەیەکدا داوایان کردبوو کە ئێمە دەمانهەوێ‌ بژین و رایانگەیاندبوو، کەلە گرتنگە و زیندانەکانی رێژیم لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان بەو تۆمەتەدا داناوە و تەواوی ئەو تاوانانەیان رەت کردۆتەوە.
هەواڵی تەئیدی حوکمی ئیعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ماوەیەک لەمەوپێش بە شێوەی زارەکی بە خۆیان راگەیەنرابوو، بەڵام بنەماڵە و پارێزەرەکەیان ئاگاداری ئەو حوکمە نەبوون.