کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان پلەی یەکەمی فرۆشی گورچیلەیان لە ئێراندا هەیە

16:09 - 23 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەپێی پێوەری دانیشتوان، فرۆشی گورچیلە لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان، پلەی یەکەمی هەیە و تەنانەت لە تارانیش زیاترە.
پزیشکێکی کورد لە شاری سنەوە بە ماڵپەڕی رووداوی راگەیاندووە، بەپێی رێژەی دانیشتوان، پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان زیاترین رێژەی گورچیلەی تیدا دەفرۆشرێت.
ئەم پزیشکە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وێڕای ئاماژە بەوەی کەلە بازاری رەشدا کڕین و فرۆشی گورچیلە ئەنجام دەدرێت، وتی: ئیمکاناتی ئاڵوگۆڕی گورچیلە لە سنەدا بوونی نییە و فرۆشیاران و کڕیاران دەبێ بۆ ئەو کارە سەردانی شارەکانی تاران و هەمەدان بکەن.
نرخی گورچیلە لە بازاری رەشی کوردستاندا بە نرخی ١٥ هەتا ٢٥ میلیۆن تمەن مامەڵەی پێ دەکرێ.
ئەم پزیشکە راشیگەیاندووە، ئەوانەی کەلە بازاری رەشدا کاری فرۆشتنی گورچیلە دەکەن، لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانی رێژیمی ئێران نەشتەرگەرییەکەیان بۆ دەکرێ، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ ناکرێت.
پێشتریش حوسێن بیگلەری بەرپرسی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە لە کرماشان وتبووی: پارێزگای کرماشان زیاترین رێژەی فرۆشی گورچیلەی تێدا ئەنجام دەدرێت.
بەپێی بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بازرگانی کردن بە ئەندامانی لەش قەدەغەیە بەڵام لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستانی ئێراندا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بەهۆی هەژاری و کەم داهاتی ناچار بەم کارە دەبن و لە پێناو مانەوە ناچار بە فرۆشی بەشێک لە ئەندامی لەشیان دەبن.

ماوەیەک لەمەوبەر بەرپرسی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشانی گورچیلە لە ئێران رایگەیاندبوو، بێكاری هۆكاری سەرەكیی فرۆشیارانی گورچیلەیە لە ئێران.
موستەفا قاسمی، لێپرسراوانی ئەنجومەنی خێرخوازیی پشتیوانی لە نەخۆشانی گورچیلە لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی تاران وتبووی: لە ئێران بە شێوەی نێونجی لە بەرامبەر هەر یەك كەس كە خوازیاری پێوەندی گورچیلەیە، چوار كەس خوازیاری فرۆشی گورچیلەكانیانن.

ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەو دیاردەیە وەك قەیرانی پڕ مەترسیی كۆمەڵایەتی وەسف دەكەن كە هۆكاری سەرەكییەكەی دەگەڕێننەوە بۆ بێكاری، گرانی و خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە.