کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئەمریکا: رێژیمی ئێران پشتیوانیی ماڵیی جیاییخوازەکانی یەمەن دەکات

19:34 - 25 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: باڵوێزی ئەمریکا لە یەمەن وێڕای ئاماژە بە پشتیوانیی گرووپە چەکدارەکانی یەمەن لەلایەن ئێرانەوە رایگەیاندووە، ئێران دێهەوێ دۆخی وڵاتانی کەنداو ناسەقامگیر بکات.
جیرالد وایرستین باڵوێزی ئەمریکا لە یەمەن، گوتی: رێژیمی ئێران هاریکاریی گرووپە جیاییخوازەکانی یەمەن دەکات، هەتا بەو چەشنە تەشەنەی زیاتر بکاتە نێو ئەم وڵاتە و ناوچە ستراتیژیکەکانی دەوروبەری گەرووی هورموز ناسەقامگیر بکات.
هەواڵدەریی فەرمیی یەمەن لە زاری باڵوێزی ئەمریکا لەو وڵاتە بڵاوی کردووەتەوە، رێژیمی ئێران پاڵپشتیی رێبەرانی باشووری یەمەن دەکات هەتا وڵاتی باشووری یەمەن کە پێشتر لەو ناوچەیەدا هەبووە، زیندوو بکاتەوە.
ناوبراو وتوویەتی: عەلی سالم ئەلبەیز وەکوو یەکێک لە رێبەرانی باشووری یەمەن، سەردانی ئێرانی کردووە و لەو وڵاتە یارمەتیی ماڵیی وەرگرتووە و ئەو یارمەتییانە بۆ پاڵپشتی لە جیاییخوازانی یەمەن بەکار دەهێنێت.
عەلی سالم ئەلبەیز بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنێکی ماهوارەییە و لایەنگری سەربەخۆیی باشووری یەمەن لە لوبنان دایە.
جیرالد وایرستین وتی: بەڵگەگەلێک لەبەردەست دایە کە دەسەلمێنێت، رێژیمی ئێران پشتیوانی لە دەست و پێوەندییەکانی بزووتنەوەی توندئاژۆی باشووری یەمەن بەناوی \'الحرکه\' دەکات.
باشووری یەمەن ٢٣ ساڵ پێش ئێستا لە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٦٩ی هەتاوی، پەیوەست بە باکوور یەمەن بووەوە و وڵاتی یەمەنی پێکهێنا.
یەمەن لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە هەڵکەوتووە و بۆتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان گرووپەکانی ئەلقاعیدە، گرووپە چەکدارەکانی شیعەی دانیشتووی باکووری ئەو وڵاتە و هەروەها بزووتنەوەی جیاییخوازانەی باشووری یەمەن، لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی.