کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی ئاوارەکانی سووریە سنووری ٧٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە

13:01 - 11 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: کۆمیسیاریای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ژمارەی ئاوارەکانی سووریە لە وڵاتانی دراوسێ رووی لە زیاد بوون کردووە.
بەپێی ئەم ئامارە ژمارەی پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی دراوسێ کە ناویان تۆمار کراوە، لە ٧٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە.
زیاد بوونی رێژەی پەنابەرانی سووری لە کاتێک دایە کە وتەبێژی کۆمیساریای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی سەبارەت بە هاریکاریی سووریە لە وڵاتی کوەیت ئاشکرا کردووە.
خاتوو زیبیلە ویلیکس، وتیشی: لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 8‌ی رێبەندان هەتا ئێستا دەیان هەزار هاووڵاتیی سووری لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەوە تێپەڕ بوون.
ژمارەی پەنابەرانی کوردی سووریە لە هەرێمی کوردستانیش لە ٦٠ هەزار کەس دەرباز بووە و زیاتر لە ٤٠ هەزاریان لە کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێ کراون.