کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی شاندێکی حیزبی دێموکرات و سکرتێری UNPO

13:07 - 21 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ سکرتێری رێکخراوی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان لە شاری برۆکسێل کۆبۆوە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٨ی رێبەندان، شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکرات لە دەرەوەی وڵات، سەردانی دەفتەری UNPOـی لە شاری برۆکسێل، پایتەختی وڵاتی بلژیکی کرد و لەگەڵ مورینیۆ بۆسداچین، سکرتێری UNPO کۆ بووەوە.
لەم دیدارەدا لەسەر دوایین رووداوەکانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی و پێوەندی و هاوکاریی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و ئەو حیزبانە کە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵن، باس کرا.
لەم پێوەندییەدا شاندی حیزب ئاماژەی بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێمۆکرات کرد و هەڵویست و سیاسەتی حیزبی لە پێوەندی لەگەڵ پێویستیی پتەو کردنی پێوەندی و هاوکاریی حیزبە کوردییەکان و ئەو حیزبانە کە خەبات دەکەن بۆ مافی نەتەوە ستەم لێ کراوەکانی ئێران، خستە روو.
لە درێژەی ئەم دیدارەدا لەسەر بەرنامەی کاری داهاتووی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و ئەو گرینگییە کە حیزبی دێمۆکرات بە رێکخراوی UNPO دەدا، باس کرا.
لەم پێوەندیەدا ئەحمەدی وتی: UNPO رێکخراوێکە کە گرینگییەکی تایبەتی هەیە بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆکرات وکوو نوێنەری کوردستانی ئێران لەنێو ئەم رێکخراوەدا، سپاسی هاوکاری و پشتیوانیی UNPO بە پرسی کورد بەتایبەتی و پرسی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی دەکەین.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوە دا بەڕێز بوسداچین رۆلی حیزبی دێموکرات و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی بەرز نرخاند لە بەرپەچ دانەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە حیزبی دێموکرات و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ دەتوانن، لە دێمۆکراتیزە کردنی ئێراندا رۆڵێکی چارەنووس‌سازیان هەبێت.