کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژەکانی ئێران و ئورووپا نەیتوانی پێش بە گەمارۆکان بگرێت

22:01 - 13 رەشەمه 2712

هێرش کەریمی

چوارەمین خولی وتووێژەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی ١+٥ لە ئاڵماتیی وڵاتی قەزاقستان بێ‌ ئەوەی دەستکەوتێکی دیاری کراوی هەبێت، کۆتایی پێهات، بەڵام هەر دوو لا روانینێکی ئەرێنییان بەو دانیشتنانە هەبوو و بڕیاریشە ماوەیەکی دیکە دانووستانە کارناسییەکان دەست پێ بکاتەوە و هاوکاتیش مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری ئێران کە رۆڵی لە بەرنامەی ناوکیی ئەو حکوومەتەدا زۆر کەم رەنگ بۆتەوە، پێشوازیی لە دانیشتنەکان کردووە و هەر لەو پێوەندییەدا لێپرسراوێکی پایەبەرزی حکوومەتی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو دانیشتنانە هیچ شتێک لە هەڵویستی ئێمە لەبارەی گەمارۆکانی سەر ئێران ناگۆڕێت و ئێرانیش وتوویەتی: زۆر ئەستەمە کە یەکیەتیی ئورووپا بتوانێ‌ چالاکییەکانی بنکەی ئەتۆمیی فێردۆ رابگرێت.
قسەکانی نوێنەرانی حکوومەتی ئێران، هەتا رۆژەکانی کۆتایی وتووێژەکان لە قەزاقستان، ئەوەمان پێ‌ دەڵێ‌ کە هیچ ئومیدێک بۆ درێژە دان بە وتووێژەکان نییە هەر چەندە بڕیارە رێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی رەشەمە لە ئیستانبولی تورکیە کۆبوونەوەیەکی کارناسانە بەڕێوە بچێت و ١٨ رۆژیش دواتر بۆ جاری پێنجەم لە وڵاتی قەزاقستان وتووێژەکان دەست پێ بکاتەوە.
ئەو وتووێژانە لە حاڵێکدا دەست پێ دەکاتەوە کە وڵاتانی پێنج کۆ یەک وەکوو هەمیشە داوای داخستنی بنکەی ئەتۆمیی فێردۆ لە ئێران دەکەن و لەو بارەیەوە سەعید جەلیلی دەبیری شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی ئێران وتوویەتی: فێردۆ بنکەیەکی یاسایی و ناسراوە و لەژێر چاوەدێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کار دەکا و پێویست ناکات کە ئێمە دایبخەین. بنکەی فێردۆ لە ناو دڵی چیاکانی دەوروبەری شاری قوم هەڵکەوتووە و لەوێدا ئورانیۆم بۆ دروست کردنی چەکی ئەتۆم هەتا رادەی لەسەدا ٢٠ دەپیتێندرێ‌ و چڕ دەکرێتەوە و ئەوە نیگەرانی لای کۆمەڵگای جیهانی دروست کردووە و ئاژانسی وزەی ئەتۆم تەنیا رێگای بە حکوومەتی ئێران داوە کە ئورانیۆم هەتا ئاستی لەسەدا پێنج چڕ بکاتەوە و تەنیا بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەڵکی لێ‌ وەربگرێت و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە بەردەوامی وتوویەتی: ئێمە ناتوانین لەوە زیاتر رێگا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەین کە ئورانیۆم چڕ بکاتەوە و هەر ئەوە پابەند نەبوونەی ئێران بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو کە ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا، چەندین گەمارۆیان خستە سەر ئەو وڵاتە و لەحاڵی حازردا ئابووریی ئێران بەرەو لاوازی رویشتووە و کارناسانی ئەو بوارە لەو باوەڕە دان ئەگەر ئابووریی ئێران بەو رێڕەوەدا بڕوات لە داهاتوویەکی نزیکدا تووشی تێکشکانێکی قەرەبوو نەکراو دەبێت. وڵاتانی ئورووپایی هەتا ئێستا بە بەردەوامی حکوومەتی ئێرانیان بە پیتاندنی ئورانیۆم بە مەبەستی دەست پێڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆم تاوانبار کردووە و داوایان لەو حکوومەتەش کردووە کە پابەند بوونی خۆی بە رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان نیشان بدات، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کاتێک ئەو کارەی نەکردووە، هەر لەو پێوەندییەدا سەعید جەلیلی لە دوایین کۆنفرانسی خەبەری لە قەزاقستان رایگەیاند، ئێمە دەست لە پیتاندنی ئورانیۆم هەڵناگرین.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئاخۆ کاتێک کە ئەو دانیشتنانە هیچ بەرهەمێکیان نییە درێژەدانیان چ سوودێکی دەبێ‌؟ لێرە دوو بابەتی سەرەکیی رۆڵ دەگێڕن و ئێران دیهەوێ‌ بۆ چارەسەریی کێشەکانی کە بەرەوڕوو بۆتەوە ئەو سیناریۆیانە ساز بکات. یەکەم حکوومەتی ئێران ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو گەمارۆی نێودەوڵەتیی خراوەتە سەر و گەمارۆکان خۆیان لە قەیرانی ئابووری، راگرتنی پێوەندیی بازرگانی، کەم بوونەوەی فرۆشی نەوتی ئێران، نەبوونی دەوا و دەرمان و لە هەمووی گرینگتر دابەزینی بایەخی پارە تمەنی ئێران و چوونە سەری نرخی دۆلار، هەر بۆیە زەخت و گوشارێکی زۆر رووی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان دیانهەوێ‌ ئەو گوشارانە کەم بکەنەوە، بەرپرسانی ئێران بە بەردەوامی بە هاووڵاتییانی ئێرانیان وتووە کە ئەو گەمارۆیانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێمە نەبووە و هیچ گۆشارێکمان لەسەر نییە، بەڵام خەڵکی چی دیکە قەناعەتیان بەو قسانە نەماوە و رێژەی بێکاری و هەژاریی چوونە سەرێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی شتومەکەکان چەندین قات بەرز بۆتەوە و خەڵکی توانای کڕینیان هاتۆتە خۆارێ‌، لێرە دایە کە بەرپرسانی ئێران هەستیان بەو زەنگی مەترسیە کردووە و دیانهەوێ‌ لە رێگای جۆراوجۆرەوە و بە هەڵخەڵەتاندنی وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپا ئەو گەمارۆیانە لەسەر خۆیان لاببن و جێگای سرنج راکێشانی ئەو پرسە لێرە دایە دیپلۆماتەکانی گرووپی پێنج زێدە یەک رایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک گەمارۆ نەوتییەکان لەسەر ئێران لانابێن.
مەسەلەی دووەمیش ئەوەیەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بە چوار مانگی دیکە هەڵبژاردنی سەرکۆماری بەڕێوە دەبات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و ئاریشەی ناوخۆیی و دەرەوە بەرەوڕوویە، کێشە ناوخۆیی‌یەکانی خۆیان لە دروست بوونی کوتلە و جەناحەکاندا دەبینەوە، لە ناو کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵێک کوتلە سەریان هەڵداوە کە باس لە چاکسازیی و رێفۆرم لە ناو دەسەڵاتدا دەکەن و سەرهەڵدانی ئەو پڕۆسەیەش بۆ هەڵبژاردنی سێ‌ ساڵ لەمەوبەری سەرکۆماری دەگەڕێتەوە و باڵێک بە ناوی بزووتنەوەی سەوز خۆی زەق کردووە و بە شێوەیەکی راشکاوانە رایگەیاند کە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە و هەر ئەوە بوو کە ناڕازیان رژانە سەر شەقامەکان و داوای دەنگەکانیان دەکردەوە و لە ئەنجامدا لەگەڵ سەرکوت بەرەوڕوو بوونەوە و زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار و دەسبەسەر کران و لەحاڵی حازریشدا دوو سەرکردەی بزووتنەوەی سەوز بە ناوەکانی میر حوسێن مووسەوی و مەهدی کەرووبی لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەرن و دوای تێپەڕینی نزیک بە چوار ساڵ لەو مەسەڵەیە ئەو بزووتنەوەیە کەم تا زۆر هەر ماوە و لەو ماوەیەشدا کۆمەڵێک ناڕازیی دیکەش سەری هەڵداوە و یەک لەوان مەحموود ئەحمەدی‌نژادە کە هەتا ئێستا چەندین جار لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران کێشەی هەبووە و هەر بۆیەش خامنەیی باوەڕێکی ئەوتۆی پێ‌ نەماوە و بۆ وتووێژە ناوکییەکانیش ناهێڵێ‌ ئاگاداری زۆر شت بێ‌ و دەسەڵاتی زیاتر لەو بوارەدا بە سەعید جەلیلی نوێنەری خامنەیە.
کێشەکانی دەرەوەش خۆیان لە چالاکی راگەیەنەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بە کورد و فارسەوە دەبینێتەوە و کۆماری ئیسلامیی لەلایەن راگەیەنەکانی دژبەرییەوە کەوتۆتە بەر هێرشەوە و بە شێوەیەکی سیستماتێک کار لەسەر حکوومەتی ئێران دەکەن.
بەو دوو هۆکارەی کە باسمان کرد کۆماری ئیسلامیی دیهەوێ‌ لە رێگای ئەو وتووێژ و دانیشتنانە سەرنجی وڵاتانی رۆژاوا بۆ لای خۆی رابکێشێ‌ و گەمارۆکان لەسەر خۆی لاببات، یان لانیکەم کەمیان بکاتەوە و هەروەها دیهەوێ‌ بە نیشاندانی نەرمی بیروڕای ناوخۆیی خەڵکەکەی بە لاڕێدا ببا و هەڵبژاردنەکان بە مەیلی خۆی بەڕێوە ببات و خاڵێکی‌تریش ئەوەیە کە دەیهەوێ‌ بە نیشاندانی نەرمی لە خۆی ئەو گوشارە میدیایی‌یەی کە لەسەریەتی کەمی بکاتەوە.
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری زۆر دیاری کراو ناتوانێ‌ لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا پێک بێت و ئەویش بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ دەگەڕێتەوە کە هەموو بڕیارەکان لەیەک نەفەرەوە سەرچاوە دەگرێ‌ و ماوەیەک لەمەوبەر ئەمریکا باسی لە ئاشتی و وتووێژ لەگەڵ ئێران کرد و بە جۆرێک لە جۆرەکانیش ئەحمەدی‌نژاد و هاوبیرەکانی پێشوازییان لێ‌ کرد، بەڵام عەلی خامنەیی رێبەری ئێران کە هەموو بڕیارەکان لای ئەو کۆتایی پێ‌ دێت وتی: ئەوانەی کە بە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و رۆژاوا دڵخۆشن کەسانێکی زۆر ساویلکەن و ئاشتییەک لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە ئارادا نییە.