کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێكەوتنی لێژنەی راسپاردەكانی سێهەمین كۆنفڕانسی لاوانی چوار پارچە، لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری

15:09 - 22 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لیژنەی بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەكانی سێهەمین كۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوار پارچەی كوردستان سەردانی بەرێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەر لەبەیانی رۆژی شەممە رێكەوتی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی لێژنەی بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەكانی سێهەمین كۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان سەردانی سكرتێری گشتی حیزبی دێمۆكراتیان كرد.
سەرەتای دیدارەكە بەڕێز جەماڵ محەممەد بە نوێنەرایەتی لێژنەكە و رێكخراوەكانی لاوان لەهەر چوار پارچەی كوردستان سپاس و پێزانینی خۆیانی پێشكەش بە بەڕێز مستەفا هیجری و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كرد بۆ ئەو دەرفەتەی كە بۆی پێك هێناون.
پاشان نوێنەری لێژنەكە ئاماژەیەكی كورتی بە كاروباری سێهەم كۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان كرد و بڕیار و راسپاردەكانی كۆنفڕانس و راپۆرتێكی لەسەر بارودۆخی كەمپی دومیز پێشكەش بە رێزدار هیجری كرد.

لەبەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا بەڕێز مستەفا هیجری، پیرۆزبای سەركەوتن و كۆتایی هاتنی كارەكانی كۆنفڕانسی لەو لێژنەیە كرد و هیوای خواست كە لاوان وەك هێزی داینەمۆی گۆڕانكاری لەكۆمەڵگادا وێڕای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان، بە تەوازوع و روحی لێبوردەییەوە ئەو كەم و كۆڕییەی كەلە كۆنفڕانسی سێهەم هاتە ئاراوە و بە داخەوە یەك كۆنفڕانس بەڕێوە نەچوو، لەكۆنفرانسی چوارەمدا كە لەژێر چاودێری رێكخراوەكانی لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت قەرەبوو بكەنەوە.
سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات وتیشی: پێویستە لاوان لەپێناو یەكگوتاری نەتەوەیدا كۆنفڕانسی چوارەم بە شێوەیەكی یەكگرتووانە و بەدوور لەهەر بەرژەوەندییەكی تەسكی رێكخراوەیی بەڕێوە ببەن.
رێزدار هیجری لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا پاڵپشتی حیزبی دێمۆكراتی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی بڕیارەكانی كۆنفڕانسی سێهەم بە نوێنەرانی لاوانی هەرچوار بەشی كوردستان دەبڕی.