کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەسەر بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی لەشارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات

22:09 - 18 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: رۆژ لەگەڵ رۆژ هەڵویستی بایكۆت كردنی شانۆی هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی لەشارەكانی كوردستان لەحاڵی پەرە و تەشەنە سەندن دایە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە نووسینی دروشم و بڵاو كردنەوەی تراكت پەرە بەو هەڵوێستە دەدەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا لەشارەكانی بۆكان، سنە و مەریوان چالاكی بەربڵاوی تەبلیغی بەنیشانەی بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە چووە و هەروەها دروشمی پێوەندیدار بەو بایكۆت كردنەش نووسراوە.

بۆكان

ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێمۆكرات لەشاری بۆكان چەندین CD لەوتەكانی شەهید د.قاسملوو و بەڕێز مستەفا هیجریان بڵاو كردۆتەوە و هەروەها بەنووسینی دروشم و بڵاو كردنەوەی تراكتیش داوایان لەخەڵكی كردووە لە هەڵبژاردنەكاندا بەشداریی نەكەن.


شەهرەكی میراوا، فەرهەنگیانی یەك و دوو، شەهرەكی نەساجی، مەجبوراوا، پاساژەكانی قەڵا، ئومید، عەباسی و تەلایی، ئیدارەكانی پەروەردە و بارهێنان، بەرق، فەرمانداریی، موجتەمەعی فەرهەنگی و هونەری، موجتەمەعی ئیدارات لەجادەی سەد ئەو شوێنانەی شاری بۆكانن كە چالاكی تێیدا بەڕێوە چووە.

هەر لەو پێوەندییەدا هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران دوای بڵاو بوونەوەی ئەو تراكت و نووسینی دروشمانە حاڵەتی ئامادە باشیان بە خۆیانەوە گرتبوو.

سنە
لەشاری سنە ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات بەشێوەیەكی بەرین و بەربڵاو لەچەندین شوێنی ئەو شارە دەستیان بەبڵاوكردنەوەی تراكتی پێوەندیدار بە تەحریمی هەڵبژاردنەكان كرد.
ئەو شوێنانەی كە چالاكی تێیدا بەڕێوە چووە بریتین لە: كانی كووزەڵە، گوڵشەن، مەیدانی نبوەت و تەپەی بەهار مەست.

مەریوان

لەشاری مەریوان و ئاواییەكانی دەورووبەریی بە بڵاو كردنەوەی تراكت، شانۆی هەڵبژاردنەكان تەحریم كراوە و لە تراكتەكاندا داوا لەخەڵكی كراوە بەشداریی هەڵبژاردنەكان نەکەن.
لە ئاواییەكانی نێ‌، دەرەتفێ‌و كانی ساران ئەو چالاكیانە بەڕێوە چووە و دروشمی وەكوو كورد دەنگ مەدە، بژی دێمۆكرات و سڵاو لەقازی و قاسملوو و شەرەفكەندی نووسراوە.