کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارینەكانی بابا تاهیر هەمەدانی كرایە شێوەزاری سۆرانی

22:14 - 28 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: چوارینەكانی بابا تاهیر هەمەدانی لەلایەن نووسەر و شاعێرێكی كوردی سەقزییەوە لەشیوەزاری لوڕی و گۆرانییەوە كرایە شێوە زاری سۆرانی.
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاوی كردەوە، رەحیم لوقمانی نووسەر و شاعیری كورد شێعرەكانی بابا تاهیری لەشێوەزاری لوڕی و گۆرانیەوە كرد بە شێوەزاری سۆرانی و ٢هەزار تیراژی لێ‌چاپ و بڵاو كرایەوە.
ئەو نووسەرە لەپێشكەی كتێبەكەیدا نووسیویەتی: بەپێی هێندێ‌سەرچاوە باباتاهیر لەسەردەمی دەسەڵاتی توغرۆڵ لەسەدەی پێنجدا ژیاوە و پیرێكی جەهاندیدە بووە.


رەحیم لوقمانی، شاعیر و نووسەر، لەدایكبووی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی شاری سەقزە و ماوەی چەندین ساڵە لە شاری سنە مامۆستای ئەدەبیاتی فارسییە.

باوە تاهیر یان بابا تاهیر كە عەبدولحوسێنی زەڕینكووب لە زۆر جێگا بە بابای سووتەدڵان ناوی دەبا، بێجگە لە دووبەیتییەكانی، هەندێك كتێبی بە فارسی و عەرەبیش نووسیوە.

یەكێك لە بەرهەمەكانی باوەتاهیر سیپارەیەكە بە ناوی اشارات كە كۆمەڵیك پەندی بە عەرەبی لەپێوەندیی باوەڕی سۆفییەكان تێدایە.

ئەو سیپارەیەی باوەتاهیر كۆمەڵێك شەرح و تەفسیری لەسەر نووسراوە كە یەكیان كتێبێكە بە ناوی الفتوحات‌الربانیە فی الاشارات ‌الهمدانیە. هەروەها دوو شەرحی دیكە لە بابەت پەندەكانی باوەتاهیر نووسراون، یەكیان لە ساڵی ٨٩٠ی هیجریدا جانی بیگ العزیزی نووسیویەتی و ئەوی دیكەیان بە قەڵەمی حاجی مەلا عەلیشای گونابادی نووسراوە.