کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژاوە نانەوەی رێژیم نێوان کورد و تورک لە شاری نەغەدە

18:14 - 19 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتیلاعاتی رێژیم لە شاری نەغەدە بە گۆڕينی نێوی تابلۆکان لە کوردییەوە بۆ تورکی و بە پێچەوانەوە، ئاژاوە لە نێو خەڵکی ئەو شارە دروست دەکات.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری نەغەدە هەندێ کەس، سەربە رێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستیان داوەتە سڕینەوەی تابلۆکان و ئەو تابلۆیانە کە نێوی کوردییان لەسەرە دەکات بە تورکی و بە پێچەوانەوە، هەتا بەو شێوەیە لە شاری نەغەدەدا پشێوی و ئاڵۆزی بخاتە نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک.
بەپێی ئەم راپۆرتە لەسەر زۆربەی تابلۆکانی نەغەدە ناوی سوڵدووزدەنووسن هەتا بەو شێوە کوردەکان توورە بەکەن و پاش بە رەش کردنەوەی سڵدووز و نووسینی سندووس، هەستی تورکەکان بریندار دەکەن.
بە بڕوای کوردەکان، ناوی کەونارایی شاری نەغەدە، سندوسـە و تورکەکانیش لەو بڕوایە دان کە نێوی ئەو شارە سڵدووزـە. رێژیمی ئێرانیش لەو هەلە کەڵکی خراپ وەردەگرێت و بە گۆڕینی ناوەکان، دەیهەوێ ئاژاوە لە نێوان ئەو دوو نەتەوە لەو شارە دروست بکات.
لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە فیتنەیەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە نێوان هەر دوو نەتەوەی کورد و تورکی نەغەدە شەڕێکی قورس هاتە ئاراوە و ژمارەیەکی زۆر لە هەر نەتەوە لەو شەڕەدا بوون بە قوربانیی سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران.
نەتەوەی تورک و کورد لە بواری حەشیمەتەوە، پاش فارسەکان، دووهەم و سێیەم نەتەوە لە ئێران دان و رێژیمی ئێران بەردەوام ئاڵۆزی لە نێوان ئەو نەتەوانە دروست دەکات هەتا بەو شێوەیە لە دژی ریژیم یەکگرتوو نەبن.