کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەكی دێرینی حیزبی دێمۆكرات لەناوچەی پیرانشار كۆچی دوایی كرد

15:03 - 15 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەشارەدێی پەسوێی سەر بە پیرانشار پێشمەرگەیەكی پێشووی حیزبی دێمۆكرات بە ناوی ئەبووبەكەر مەناف، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دوایی كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەبووبەكەر مەناف، لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، هاوكات لەگەڵ چوار برای تری، ببوونە ئەندامی حیزبی دێمۆكرات و چەكی پێشمەرگایەتی لەشان كردبوو.
كاك ئەبووبەكر سەرەتا لەهێزی ئەفشین و دواتر لەهێزی شەهید ئاوارە و دواجار لە لكی چواری دەستەی شەهید سولەیمانی حاجی عەوڵا سازمان درا.
ئەو تێكۆشەرە لەكۆتاییەكانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا، بە هۆی هەلوومەرجی نالەباری بنەماڵەكەی، ناچار بووە كە ریزەكانی پێشمەرگە بەجێ بهێڵێ، بەڵام هەتا كۆتایی ژیانی پابەند بە بیروبڕوای سەردەمی پێشمەرگایەتی و خەبات بۆ رزگاری گەلەكەی بوو.

ئەبووبەكر مەناف، ئەندامی بنەماڵەیەكی خۆشناو و كوردپەروەری ناوچەی لاجان و برای شەهیدێكی‌تری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەناوی شەهید رەسووڵ مەنافبوو.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی سەرەخۆشی لەبنەماڵەی كاك ئەبووبەكر و خەڵكی ناوچەی لاجان دەكات و خۆی بەشەریكی خەمیان دەزانێت.

رۆحی شاد