کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووحانی، گورگێك لە بەرگی مەڕدا؟ (عەبدولڕەحمان راشد)

20:19 - 2 رەزبەر 2713

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: كەیهان یووسفی


توانایی حكوومەتی رووحانی تەنیا دەتوانێت خەونێكی شاعیرانەی سەركۆمارێك بێت، یان رەنگە پرۆژەیەكی پڕۆپاگەندەی ناپاك بێت كە ئەو تواناییە بە ئێران بدات بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەی كاری خۆی بەو ئاواتەی كە ئێران لەو دوورەپەرێزی و تەنیایی‌یەی كە تێكەوتووە، دەرباز بكات.
حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران هێشتا خەریكی دانی بەڵێنیی رەنگین دەركردنی بەیاننامەی ئاڵۆزی دۆستانەیە. ئەو وێڕای ستایشی وڵاتی عەربەستانی سعوودی وتی كە سعوودی وڵاتی ئازیزی دۆستمانە و هەروەها ئاشكراشی كرد كە خواستی ئەو، وتوێژكردن لەسەر پرۆگرامی ناوكییە كە دەتوانێت كۆتایی بە گرژییەكان لەگەڵ رۆژئاوا بێنێت. ئەو هەروەها ئەمەشی ئیزافە كرد كە دەیهەوێت ئەو هەڵانەی سەركۆماری پێش خۆی واتا ئەحمەدی نژاد چاك بكات و تەنانەت هۆلۆكاستی مەحكووم كرد و پیرۆزبایی ساڵی نۆێی جوولەكەی لە جوولەكەكان كرد.
توانایی حكوومەتی رووحانی تەنیا دەتوانێت خەونێكی شاعیرانەی سەرۆك كۆمارێك بێت، یان رەنگە پرۆژەیەەكی پڕۆپاگەندەی ناپاك بێت كە ئەو توانایی‌یە بە ئێران بدات بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەی كاری خۆی بەو ئاواتەی كە ئێران لەو دوورەپەرێزی و تەنیایی‌یەی كە تێكەوتووە، دەرباز بكات.

هەروەها ئەو دەیهەوێت كە ئابلۆقە ئابوورییەكانی سەر ئێران و هاوپەیمانەكانی ئەم وڵاتە و لەوانە ئەسەد و حیزبۆڵڵا و حەماس لابەرێ.
محەممەد خاتەمی پێنجەمین سەركۆماری ئێرانیش بەڵێنێكی بەو چەشنەی دابوو كە ئەو هەڵانەی سەركۆمارەكانی پێش خۆی لە كۆماری ئیسلامیدا چاك دەكاتەوە. دروشم و قسەكانی خاتەمیش پێش ئەوەیكە سەركۆماری لە ئەستۆ بگرێت بریتی لە دیالۆگ و ئاشتی بوو، بەڵام سەردەمی سەركۆماری ئەو بە شێوەیەكی شەرمێونانە بۆ خۆی و پێڕەوانی كۆتایی هات و ئێرانیش بەرەو ئاقارێك رۆیشت كە حكوومەت لەلایەن هێزەكانی سپای پاسداران و هێزە بناژۆخوازە ئایینییەكانەوە ئیدارە بكرێت.

رابردوو

مەحموود ئەحمەدی نژاد، كە شەشەمین سەركۆماری ئێران بوو، كەسێك بوو كە ئاڵای ئێرانێكی بەهێزی بەرز كردەوە و شوێندانەری سوپای پاسدارانی لە جیهانی عەرەب، پاكستان و ئەفغانستان پەرە پێدا. ئەحمەدی نژاد گوشارە نێونەتەوەیی‌یەكانی رەت و پشتگوێ خست و رەوتی پرۆگرامە ناوكییەكانی خێرایی بەخشی، بەڵام خولی سەركۆماری ئەو بەوەی كۆتایی پێ هات كە بەرهەمهێنان و فرۆشی پێترۆڵی ئێران دابەزی بۆسەر یەك لە سێ پێش خۆی و داهاتی ئێران زۆر كەم بووەوە و هەروەها كارتێكەری ئێران لە وڵاتانی یەمەن، لوبنان، سووریە و غەززە و سوودان كەمتر بوو.
ئێمە ناتوانین بڵێین كە رووحانی، كەسێكە لە دەسەڵاتدا بە چەشنی خاتەمی. ئەو پرۆفێسۆرێكی زانستگایە، كە كاری كردووە لەسەر دۆسیەگەلێكی دژوار بۆ رێكخراوەگەلی ئەمنیەتی و سرویسگەلی زانیاری و پۆلیسی رێژیمی ئێران.
رووحانی پێویستی بە مەعریفە و ئەزموون هەیە. بەڵام ئێمە نازانین كە خواست و توانایی راستەقینەی كە ئەو هەیەتی بۆ گۆڕینی ئێران چییە، یان ئەوەیكە ئەویش سەركۆمارێكە تەنیا بە چەشنی سەركۆمارەكانی پێش خۆی.

هەنووكە

تا چەندە ئەو شوێندار دەبێت لەسەر دەسەڵات لە تاران لە حاڵێكدا ئەو لە نێوان رێبەریی رێژیم كە كڵێڵی فیردەوسی لە دەست دایە و سوپای پاسداران كە كڵێڵەكانی گرتنگە و ژوورەكانی ئەشكەنجەیان لە دەست دایە، گیری كردووە؟ ئێمە نازانین هێشتا كە ئایا رووحانی لەگەڵ رێبەری ئێران رێكەوتوون لە سەر پلانێك كە بتوانن ئێران لە سێ دەیە دوورەپەڕێزیی نێونەتەوەیی رزگار بكەن، یان ئەوەیكە لە لەگەڵ هاوشەریكەكانی لە دەسەڵاتدا بۆ وەڕێخستنی كەمپەینێكی پێوەندییە گشتییەكان بۆ ساغكردنەوەی پێوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ رەكابەرە بە هێزەكانیان، وەكوو ئەمریكا و عەرەبستانی سعوودی و گەڕاندنەوەی هەوڵەكانی پێوەندی گرتن لەگەڵ موسڵمانە سوننەكان؟
من وەكوو خۆم شک و گومانم هەیە لە توانایی و مەبەستەكانی رووحانی بۆ گۆڕینی هەڵسوكەوتی رێژیمی ئێران كە پێستی تێگلاوە لە سیاسەتی دوژمنكارانەی بە دژی وڵاتانی كەنداو و رۆژئاوا. ئێمە دەتوانین ببینین كە رێژیمی ئێران لە بەرەبەرەی تەواو كردنی پرۆژەی ناوكیی خۆیدا رۆژ لە دوای رۆژ دوورپەرێزتر و تەنیاتر دەبێتەوە.
رێبەرە ئیسیراییلەكان هەنووكەش پێداگری دەكەن بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران، چونكە ئەوان ناتوانن زۆر متمانە بە بەڵێنەكانی ئەمریكا لەبارەی پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە بۆمبی ناوكی بكەن، بەتایبەت دوای ناتوانی حكوومەتی ئامریكا بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی بۆ سەپاندنی سزا بە سەر رێژیمەكەی ئەسەد بە هۆی بە كارهێنانی چەكی كیمیایی قەدەغەكراودا. رووحانی هەنووكە دەتوانێت چی بكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەحوێلدانی پرۆژەی ناوكیی ئێراندا؟ رووحانی چی دەكات كاتێك رێژیمی ئەسەد لە ناوبچێت و بازنەی پێكدادانەكان بەربڵاوتر بێتەوە و نائارامیش هاوپەیمانەكانی ئێران وەكوو حیزبۆڵڵا و حەماسیش بگرێتەوە؟
بەبێ بیستنی دەنگی رێبەرانی سەربازی و سپای ئێران لەگەڵ سەركۆمار و رێبەری ئێران دووپاتكردنەوەی بەیانییەكانی رووحانی، ئێمە ناچار دەكات كە شك و گومانەكانمان هەڵبگرین كە سەركۆماری ئێران تەنیا ستراتژیی سەركۆماری پێشووتر واتا محەممەد خاتەمی دووپات دەكاتەوە، ستراتژییەك كە بریتی بوو لە بەیاننامەگەلێك پڕ لە ئەوین، تلۆرانس و دیالۆگ، لە حاڵێكدا سوپای پاسداران خەریكی ئەنجامدانی چالاكییە جینایەتكارانەكانی خۆی لە دەرەوی سنوورەكانی ئێران بوو و ئەندازیارەكان بەردەوام بوون لە كاركردن لەسەر رێئاكتۆری ناوكی و پیتاندنی نهێنی ئۆرانیۆم.
عەبدۆڕەحمان راشید هەنووكە كارگێری گشتیی بەشی هەواڵی كەناڵی ئەلعەربیەیە و سەرنووسەری پێشووی \'\'شەرقولئەوسەت\'\' لە لەندەن بووە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە