کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەو گۆڕان هەنگاو هەڵدەگرێ؟ (مستەفا هیجری)

14:55 - 22 رەزبەر 2713

مستەفا هیجری

وەڵامدانەوەی ورد بەم پرسیارە کلیلی کرانەوەی کۆمەڵێک وەڵامی دیکەیە کەلە دوای بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەم ‎دواییانەی سەرکۆماری لە جۆزەردانی ئەمساڵ تا ئێستا لە نێوان رۆژئاواییەکان و هاونیشتمانەکانماندا لە ئارادایە، سەفەری رووحانی بۆ نیۆیۆرک، قسەکانی ناوبراو لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتووێژەکانی ناوبراو لە درێژەی ئەم سەفەرەدا و لە کۆتاییدا وتووێژی تەلەفوونیی ئەو لەگەڵ باراک ئۆباما سەرکۆماری ئامریکا ئەم پرسیارانەی جیدیتر کردووە و بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئاستی نێونەتەوەییدا پەرەی پێ دراوە، لە نێتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسراییلەوە بگرە تا وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و کاربەدەستانی باڵای وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بێ‎سەبرانە لە بیری دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە گرینگانەن.
بەڵام راستیی ئەم پرسە چییە و بۆچی لەناکاو رێژیمێک کە ئاڵاهەڵگری هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بووە و لەم رێگەیەدا تێچووی لەڕادەبەدەری لە سروەت و سامانی خەڵکی ئێرانەوە بگرە تا ئابڕووی خۆی خەرج کردووە، ئێستا لەپڕێکدا لە هەوڵدایە بۆ پیشاندانی سیمایەکی نوێ لە خۆی؟


بۆ دۆزینەوەی وەڵامی دروستی ئەم پرسیارانە پێویستە چەند خاڵ روون بکەینەوە:


١ ــ بۆ کەس شاراوە نییە کە بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە تا ئێستا پاراستن و مانەوەی رێژیمەکەیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بووە، خومەینی دامەزرێنەری رێژیم لەم بڕوایەدا بوو کە بە مەبەستی پاراستنی رێژیم ئەگەر پێویست بێت، حوکمی راگرتنی حوکمە ئیسلامییەکانیش دەر دەکات، پێکهێنانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هەر لەم روانگەیەوە سەرچاوەی گرت، سوپایەک کە پارێزەری شۆڕشی ئیسلامییە، نەک پارێزەری ئێران و تا ئێستا بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە رێژیم و پەرەپێدان و هەناردەکردنی شۆڕش دەستی لە هیچ تاوانێک نەپاراستووە. کۆماری ئیسلامی لە درێژەی دەیەکانی رابردوودا بەردەوام سەلماندوویەتی کە بۆ پاراستنی ئەم رێژیمە لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک سڵ ناکات. لە سەرەتادا، خومەینی کە رێژیمی بەعسی عێراقی وەک مەترسییەک بۆ مانەوەی رێژیمەکەی خۆی پێناسە دەکرد، بە دنەدان و دەستێوەردانەکانی ئەملاوئەولا بواری شەڕێکی خۆش کرد کە هەشت ساڵ درێژەی کێشا و لە کۆتاییدا کاتێک کە تێیان گەیاند کە درێژەکێشانی شەڕ دەبێتە هۆی رووخانی رێژیم، پاش ئەو هەموو ماڵوێرانی و قوربانییە، لە ساڵی ١٩٨٨دا سەرشۆڕانە بڕیارنامەی ئاشتی (٥٩٨)ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی قەبووڵ کرد و جامی ژەهری شکستی هەڵقۆڕاند.
٢ ــ ئێستا ئەم سیناریۆیە بە شێوەیەکی دیکە خەریکە دووبارە دەبێتەوە، دانانی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆسەر رێژیم لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە لە پێوەندی لەگەڵ پرۆژەی گوماناویی ناوکیی ئێران و توندتربوونەوەی بەردەوامی ئەم گەمارۆیانە لە سەرەتادا بە کۆمەڵێک دروشمی خەڵک پەسەند و خەڵک فریودەر لەلایەن ئێرانەوە دژکردەوەی پێ پیشان درا. کاربەدەستانی رێژیم راگەیەندراو و بڕیارەکانی رۆژئاوایان وەک دەرفەتێکی زێڕین دەرخواردی خەڵکی ئێران دەدا کە دەبێ کەڵکیان لێ وەربگیردرێ و بە خۆبژیوی بگەیەن، یان ئەوانیان وەک لەتکە کاغەزێکی بێ‎بەها لە قەڵەم دەدا کە ناتوانێ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی ئێران هەبێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ دەرکەوت کە دروشمەکانی کاربەدەستانی رێژیم خەزێنەی بەتاڵی پڕ نەکرد و کەوگیرەکەیان داویەتی لە بنی قابلەمەکە و ئەگەر رێژیم دەست هەڵنەگرێ، گەڵاڵەی گەمارۆی هەناردەکردنی یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەیی ئێران کە ئێستا دەتوانێ هەناردەی بکات، لەلایەن ئەمریکاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و دوایین هەناسەکانی ئابووریی داڕماو و نالەباری رێژیم دەچنێ. بەم شێوەیە نە تەنیا ئێران توانای نامێنێ تێچووی درێژەکێشانی شەڕی حکوومەتی بەشار ئەسەد بە دژی خەڵکی ئەم وڵاتە و تێچووەکانی حیزبۆڵڵا و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە ناوچەکە و شوێنە جیاجیاکانی جیهان دابین بکات، بەڵکوو لە نێوخۆی وڵاتیشدا ناتوانێ تێچووە سەرسوڕهێنەرەکانی سوپای پاسداران و ناوەندەکانی هێز و دەسەڵات دابین بکات و لە ئاکامدا رێژیم بە شێوەیەکی جیددی دەکەوێتە بەردەم هەڵدێڕی رووخانەوە.
٣ ــ لە لایەکی دیکەوە لە بیرمان بێت کە ئامانجی هەوڵەکانی رێژیم لە پیتاندنی ئورانیۆمدا دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکییە. چون رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتاوە بە بەڕێوەبردنی تیۆرییەکانی هەناردەکردنی شۆڕش، دژایەتی لەگەڵ رۆژئاوا و خۆناساندنی وەک رێبەری موسڵمانەکانی جیهان، لەگەڵ رۆژئاوا و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی وڵاتانی موسڵمانی سوننە‎نشین خۆی لە نێوان کۆمەڵێک لە دوژمنی دەسکردی دوور و نزیکدا هەست پێکرد کە گوایە هەموویان لە بیری رووخاندنی ئەم رێژیمەدان. کەواتە، دەبوا لە بەرامبەر ئەم هەموو دوژمنە هێزەکی و کردەکییەدا رابوەستێ و رێژیم بپارێزێ و تەنیا چەکێک کە دەتوانێ ئەم ئامانجە بپێکێ (بە بڕوای رێژیم) دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکییە. چونکوو تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە کەس توانای هێرش و دەستدرێژی بۆ سەر رێژیمی نابێت و جیهان بە تایبەتی وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە لە بەرامبەر ئێراندا سەری کڕنۆش و تەسلیم‎بوون دادەنوێنن. هەر بۆیە پڕۆگرامی پیتاندنی ئورانیۆم سەرەڕای ناڕەزایەتیی گشتی و بیستنی دەنگی ئەم ناڕەزایەتییە جیددییانە، درێژەی کێشا و ئێستاکە گوایە رێژیم تێگەیشتووە کە نەتەنیا بە چەکی ناوکی دەستی رانەگەیشتووە تا بە یارمەتیی ئەو چەکە رێژیمی ئیمامی زەمان لە ئاژاوەی دوژمنان بپارێزێ، بەڵکوو درێژەکێشانی پڕۆگرامی پیتاندنی ئورانیۆم لێکەوتە و ئاکامی نەخوازراوی هەیە بۆیان و خەریکە بۆ خۆی دەبێتە هۆکاری رووخانی رێژیم. لەو لاشەوە چونکە بنەما، پاراستنی رێژیم بە هەر قیمەتێکە، کەواتە دەبێ تەسلیمی داخوازییەکانی رۆژئاوا بن و پێداچوونەوەیەک بەسەر درێژەکێشانی پیتاندنی ئورانیۆمدا بکەن تا رێژیم بەردەوام بێت. ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی ‎کە پاش ساڵانێک دروشمدان بە دژی رۆژئاوا و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات و بە هەژار و چارەڕەشکردنی خەڵکی ئەم نیشتمانە بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، لە بادانەوەیەکی ١٨٠ پلەییدا، باس لە راستبوونی هۆلۆکاست، دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکی ئیسراییل، وتووێژی تەلەفوونیی ١٥خولەکیی رووحانی لەگەڵ ئۆباما، سەرکۆماری \'\'شەیتانی گەورە\'\' دێتە گۆڕێ و راگەیەنەکانی رێژیم لە هەوڵی ئەوەدان ئەم بادانەوە بە بایی سەرترۆپکی سەرکەوتنەکانی رێژیم (نرمی نواندنی قارەمانانە) بە خەڵک بفرۆشن، لە کاتێکدا نەرمی نواندنی قارەمانانەی رێبەر جامی ژەهرێکی دیکەیە کە سەرشۆڕانە دەبێ بینۆشێ تا رێژیم لە مەترسیی رووخان رزگار بکات و بۆ ماوەیەکی دیکە وەک ئۆختاپووسێک زاڵ بێ بەسەر شان و ملی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێراندا.
٤ ــ جێگەی هیچ گومانێک نییە کە جەنابی رێبەر و پەیغامبەرەکەی رووحانی لەم بڕگە زەمەنییەدا بۆ پێشکەوتنی پڕۆگرامەکانیان تا شوێنێ کە بۆیان بلوێ مانۆڕ دەدەن، درۆ و چەواشەکاری دەکەن تا بە شێوەیەک لە شێوەکان رۆژئاوا رازی بکەن کە تا رادەیەک لە گەمارۆ ئابوورییەکانیان کەم کاتەوە بە بێ ئەوەی کە مل بۆ داخوازییەکانی ئەوان کەچ بکەن. بەڵام ئەوەی کە روون و ئاشکرایە رۆژئاوا و بە تایبەتی ئامریکا فێڵ و تەڵەکەکانی رێژیمیان بە باشی ناسیوە و ناکەونە ژێر کاریگەریی بزە و دروشمەکانیان و بەو شێوەی کە رایانگەیاندووە، ئەوان چاوەڕوانی هەنگاوە کردەکییەکانی رێژیمن لە چوارچێوەی قەبووڵکردنی داخوازییەکانیاندا. کەواتە ئەگەر لە ئەگەری سووربوونی رۆژئاوا بۆ توندترکردنەوەی گەمارۆکان و درێژەدانیان کە بە رواڵەت وا وێدەچێ رێژیم سەرشۆڕانە لە بەرامبەر داخوازییەکانی رۆژئاوا و کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا سەری دانەواند و ئەوەی وەک سەرکەوتنی گەورەی رێبەر پێناسە کرد هەروەک چۆن پاش شکستی ئێران لە بەرامبەر حکوومەتی عێراقدا تا بە ئێستاش خۆی بە براوە دەزانێ نابێ سەرمان سووڕ بمێنێ. ئەڵبەت پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە بە ئاکام گەیشتنی ئەم سیناریۆیە بە بوونی دژبەران و ئەو گیروگرفتانەی کەلە نێوخۆی ئێران و ئامریکا لەسەر رێگەدان، پلانێکی کاتگر و دژوارە بەڵام بەم حاڵەشەوە وەدیهاتنی دوور لە باوەڕ نییە.
بەڵام ئەم هەموو پڕوپاگەندە چ قازانجێک بە خەڵکی ئێران دەگات؟
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دەگەڕێینەوە بۆ سەر بنەمای پاراستنی رێژیم و ئەوەی کە وەلانانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لەلایەن رۆژئاواوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی دیکە تەمەنی رێژیم درێژ بێتەوە و دەلاقەیەکی چووکەش لە باری ئابوورییەوە بۆ خەڵک بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر وا بیر بکرێتەوە کە رێژیم لەگەڵ خەڵکی ئێراندا ئاشت دەبێتەوە و لە ئاکامدا کەشی زاڵی ئەمنیەتی بەسەر ئێراندا لا دەبرێت و دەکرێتەوە و ئەو ئازادییانەی کەلە سەرەتای هاتنەسەرکاری کاربەدەستانی ئەم رێژیمەوە لە خەڵکی ئێران و بە تایبەتی ئازادیخوازان زەوت کراوە بۆیان دەگەڕێتەوە، هەڵەیەکی گەورەیە. چونکە ئازادییەکانی خەڵک هۆکارێکن بۆ رووخانی رێژیم، نەک پاراستن و راگرتنی. خەڵکی ئێران لە دەیەکانی رابردووەوە وەها قین و تووڕەییەکیان لە رێژیم لە دڵ دایە کە کاتێک قورسایی سەرەنێزەی سەرکوت دەرفەتێکی هەناسەکێشانیان پێ بدات، یەکگرتوو و یەکپارچە هەڵدەستن و رادەبن و باروبنەی سوواوی ئەوان کۆ دەکەنەوە، هەروەها کە لە ماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا هەرکات بە هەر هۆکارێکەوە ئەم دەرفەتەیان بۆ رەخسابێت، هاتوونەتە نێو گۆڕەپانەکە و کۆڵەکەکانی ئەم رێژیمەیان خستووەتە لەرزە و رێژیمیش بە باشی ئاگاداری ئەم راستییەیە. جگە لە کۆماری ئیسلامی، مێژووی دەیەکانی رابردوو لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئافریقا ئەم راستییەی سەلماندووە کە ئەو رێژیمە توتالیتێر و دواکەوتنخوازانە کەلە نێو کۆمەڵگاکەی خۆیان پێگەیەکیان نییە، تەنیا پشت بە هێزە سەرکوتکەرەکانیان دەبەستن. ئەم جۆرە رێژیمانە بەردەوام لە خەڵکەکەی خۆیان دەترسن و لەم راستییە نیگەرانن کە خەڵک هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە دەستیان بە ئازادی بگات، بوونی پڕشوورەیی ئەوان لەسەر گۆی زەوی دەسڕنەوە. بەم شێوەیە کە ئەم رێژیمانە تا دوایین چرکەکانی تەمەنیان بە زەبری سەرەنێزە حکوومەت دەکەن و دەرەتانێک بۆ ئازادی خەڵک ناهێڵنەوە. ئێمە ئەم ئەزموونەمان لە رێژیمە پاشایەتییەکانی ئێران، حکوومەتی بەعسی سەدام حوسێن و ئەم وڵاتانەی کە لەم دواییانە و لە شۆڕشگەلێکدا کەلە ژێر ناوی بەهاری عەرەبی حکوومەتەکانیان رووخاندووە، بینیوە. رێژیمی کۆماری ئیسلامیش ئەم راستییانەی بینیوە و وانەی لێ وەرگرتوون تا ئەو شوێنەی کە رێژیم نە تەنیا ئازادیی بۆ خەڵکی ئێران بە ڕەوا نابینێ، بەڵکوو سەرەڕای رۆژڕەشیی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی، تێچووی پێشڤەچوونی شەڕی بەشار ئەسەدیشی لەگەڵ خەڵکەکەی وە ئەستۆی خۆی گرتووە کە نەبا لەگەڵ رووخانی رێژیمی سووریە خەڵکی ئەم وڵاتە بە ئازادی بگەن، ئازادی جیددیترین خەسار و دوژمنی ئەم چەشنە رێژیمانەیە، هەر بۆیە تا دوایین چرکە لەگەڵیدا دژایەتی دەکەن.

ئەنجامگیری:

سەر دانەواندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر داخوازییەکانی رۆژئاوا لە رووی لاوازی و ناچارییەوە لەم قۆناغەدا کە ئەگەری رووخانی رێژیم لە بەرامبەر توندتربوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بە خاڵێکی هەستیار گەیشتووە، شتێک نییە کە دوور لە چاوەڕوانی بێت. بەڵام بەو هۆکارانەی کە دەستنیشان کران، نابێ چاوەڕوان بین کە رێژیم لە بەرامبەر ویست و داخوازی خەڵکی ئێراندا کە گەیشتن بە ئازادییە ملکەچ بکات، بەڵکوو هیچ دوور نییە بە دانی بۆڵ و پووان بە رۆژئاوا، سەرکوتەکان لە نێوخۆدا توندتر و کەشی کۆمەڵگا داخراوتر بکا، لەم حاڵەتە دایە کە خەڵک بۆ دەربازبوون لە چنگاڵی سەرەڕۆیی رێگەیەک جگە لە یەکیەتی و بەرەنگارییان لە بەرامبەر رێژیمدا نادۆزنەوە.
لەم قۆناغەدا بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە وەهم و دڵخۆشییەک لە پێوەندی لەگەڵ چاکسازی لە رێژیمدا، دڵخۆش کردنی خەڵک بە بزەکان و وادە درۆیینەکانی مۆرە ورد و درشتەکانی لە پێناو پتەوتر کردنی کۆڵەکەکانی سەرەڕۆییدا دێتە ئەژمار، خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی هیچ رێگەیەکی دیکەیان جگە لە رووخانی ئەم رێژیمە نییە و لەم رێگەیەدا پێویستە بە بێ هیچ گومانێک هەنگاو هەڵبگرن و بەهەمان شێوە دەبێ نرخی ئەم کارەش بدەن و بەم جۆرە سەرکەوتووی کۆتایی، خەڵک دەبن نەک رێژیمی دژی‎گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
مستەفا هیجری
١٦/٠٧/١٣٩٢
٠٨/١٠/٢٠١٣