کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستی ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی ٣٦٠ پلەیی نەتەوەیی لەپێناو پەرەپێدانی گوێگرتن و چارەسەری دیپلۆماسیی نێوخۆیی

14:28 - 5 خاکەلێوه 2724

د. مەجید حەقی

شۆرشی ژینا لە کوردستان و ئێراندا، کاتالیزۆرێک بوو بۆ ڕوونبوونەوەی پۆتانسیەل و هەڕەشەکانی بەردەم کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم لە ئاستی نێوخۆی ڕۆژهەڵات، هەم لە ئاستی ئێران و تەنانەت لە ئاستی نێونەتەوەییدا. شۆرشی ژینا دەری خست کە مخابن، یەکگرتوویی و هاوپەیمانییەکانی ڕابردووی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردی لەسەر بنەمای ستراتیژیک و بەرنامەبۆدارێژراو نەبووە و زۆرتر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی تاکتیکی پێویستییەکانی پێکهێنەرانی ئەو "هاوپەیمانیانە" بووە. سەلمێنەری ئەو ئیدعایەی من شتێک نیە جگە لە لێک‌دوورکەوتنەکان و شەڕی نەرمی دوای واژۆی "مەنشووری مەهسا-جۆرج‌تاون" و خۆ بەبەرپرس‌نەزانینی لایەنەکان بەرامبەر بە هەڵەکانیان و دوورکەوتن لەو بنەمانایانەن کە سەردەمانێک لایەنەکان بۆخۆیان بانگەشەیان بۆ دەکرد. هەوڵەکانی لایەنەکانیش تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە جارێ بەکردەوە نەبووتە هۆی نزیک‌بوونەوەیەکی ستراتیژیک و دروشمەکان نەیانتوانیوە شکڵێکی ماددی بە خۆیانەوە بگرن.

بۆ ئەوەی جیهان لێمان تێ بگات و پشتیوانیی جیهانی بۆ پرسی نەتەوەیی خۆمان بەدەست بێنین، پێویستمان بە یەکریزی و یەکگرتوویی هەیە. بۆ ئەوەی یەکڕیزی بەدەست بێنین، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی ورد و تەواو هەیە لەوەی کە کێ و چی وێنەی نەتەوەیەک پێک دەهێنێت. ئێمە مخابن خاوەنی توێژینەوەیەکی وا نین، کە چوارچێوەیەکی تیۆریک و مێتۆدۆلۆژیانە بۆچوونی خەلکی بیانی لە سەر وێنەی سیاسی ئێمە بزاڤی نەتەوەیی کورد شی بکاتەوە. لێکۆلینەوەیەکی نێوخۆیی خۆشمان نییە لە مەڕ ئەو خەسارە دەروونی، کۆمەڵایەتی، مرۆڤی و ژینگەییانەی کە بەهۆی پەرتەوازەیی و لێکترازانەکانی نێو بزاڤی کوردستان. بزاڤی سیاسی کوردستان پێویستە هەست بە گرینگی چەمکی ڕای گشتی و پێکهێنانی وێنەی بنەتەوە بکات و مۆدێلێکی پێوانەکردن لە بەرچاو بگرێت بۆ هەڵسوکەوتی سیاسی خۆی.

لەسەر ئەم بنەمایە پێویستیمان بە ئامرازێکی نوێ و داهێنەرانە هەیە بەناوی گوێگرتن لە پێناو ناسینی ئاواتە گشتییەکانی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی دیپلۆماسیی نیوخۆیی. تەنیا داننان بە فرەڕەنگیی کۆمەڵگە و پلۆرالیزمی سیاسیی کوردستان ناتوانێت ببێتە هۆی وێکگەیشتوویی بەڵکوو دەبێ مۆدێلێکی کاری داهێنان بکرێت کە لەودا پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان وێنەی نیشتمان پێک بێنن و لەو چوارچێوەیەدا بایەخە گشتییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان شی بکرێنەوە. ئەم شێوازە رێگە بە شیکاریی ستراتێژیک دەدات کە چۆن پێوەندییەکانی دیپلۆماسی نێوخۆیی و جیاوازییەکان دەتوانن بەشداری بکەن لە پێکهێنانی وێنەیەکی ئەمرۆیی لە کوردستان. ئێمە پێویستمان بە توێژینەوە و گفتگۆ هەیە لەسەر پێوەندی نێوان لایەنەکان لە ڕووی چەندی و چۆنیەتییەوە، پێوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، خاڵە بەهیز و لاوازەکانی ئەو پێوەندییانە و تەواویەتی بزاڤی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. جیا لەوە پێویستمان بە سازکردنی مۆدێلێکە بۆ وێناکردنی بزوێنەرەەکانی بایەخە هاوبەشەکانی نێو کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بتوانین وێنەی گشتیی کۆمەڵگە لە وێکگەیشتووییەکی هارمۆنێکدا وێنا بکەین. ئەو هەنگاوانە دەبنە هۆی ئەوەی ئێمە بتوانین هەڵسەنگاندنێکی ڕیئالیستیانە لە کۆمەڵگەی خۆمان بەدەست بێنین و گرینگی "گوێگرتن" لە پێکهێنانی بایەخە هاوبەشەکان هەست پێ بکەین.

گرتنەبەری سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی زۆر هەستیار و پێویستی بە پێوەندی، بەرێوەبەری و پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە هەیە کە دەتوانێت سەکۆی بازدان لە ڕابردووی پڕ لە کێشەدا بەرەو داهاتوویەکی چارەسەرهێنەر بێت. سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی یەکێک لە ئامرازە ساناکانە بۆ تێگەیشتن لە شوێندانەریی هەڵوێست و کردارەکانمان لە سەر خەڵکانی دیکە و شێوەی تێگەیشتنی ئەوان لە هەڵسوکەوتمان. دەروونناسی یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ ناسینی خۆی. بەڵام ڕەچاوکردنی سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی خۆمان بەو شێوەیەی کە خەڵکانی دیکە دەمانناسن بناسین. لە ڕێگەری سیاسەتی ٣٦٠ پلەییدا ئێمە دەتوانین بەوەی  پێی دەگوترێ "جام جهان‌نما" (ئەرێنی: ئاگادار، ئەرێنی: نائاگا، نەرێنی: ئاگادار، نەرێنی: بێئاگا) بگەین وەک پەنجەرەی "جۆهاری"، بەڵام گرینگی دەداتە جیاوازییە هەستکردنەکان (ادراکی) لە مێحوەرەکانی کەمێک جیاواز بەکار دەهێنێت بۆ رێکخستنی زانیارییەکان. پەنجەرەی جۆهاریی بریتیە لە مۆدێلێک لە وێناکردنی ئاستەکانی وشیاری لە ڕەفتاری مرۆڤدا. ئەو مۆدێلە پێوەندی مرۆڤێک لەگەڵ مرۆڤێکی دیکە لە چوارچێوەی خانوودا نیشان دەدات کە هەریەکیان خانوویەکی پەنجەرەیەکی گەورەیە. قەبارەی هەر ماڵێک نوێنەرایەتی هۆشیاری - لەلایەن کەسەکە خۆیەوە یان لەلایەن کەسانی دیکەوە - لە ڕەفتار و هەست و پاڵنەرەکانی دەکات.

گرتنەبەری سیاسەتی ٣٦٠ پلەیی یاریدەری ڕێبەرانی سیاسی دەدات، لە گەشەکردنی تواناییە ڕێکخراوەکانیان، هاوکاری و لە دۆزینەوەی دەرفەتە نوێیەکان بۆ هاوکاری کردن و گەشەی پایەداری رێکخراوەیی و سیاسی و بەرەوپێش بردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی. لەو ڕێگەیەدا تێگەیشتنی هاوبەش لە دۆزینەوەی بایەخە هاوبەشەکان و یەکگرتوویی لە پلۆرالیزمدا بەدەست بهێنرێت. گرتنەبەری سیاستی ٣٦٠ پلەیی خوڵقێنەری دەرفەتە بۆ هەموو ئەکتەرەکانی سیاسی کوردستان و وەک چۆنێک لەتە بازنەیەکی ٣٦٠ پلەیی لە کەوانە جۆراوجۆرەکان پێک‌هاتووە، بازنەی سیاسیی کوردستانیش بە بوونی ئەکتەرە کانی نێو کۆمەڵگەی سیاسییەوە تەواو دەبێت. لەوەها کەشێکدا حیزبەکان نەک ڕکەبەری یەکتر نین، کە بگرە دەبنە تەواوکەری یەکتری. واتە بوونی ئەوی دیکە نەتەنیا هەڕەشە نیە بۆ بوونی خۆمان، بەڵکوو بوونی ئەو پێویستییەکە بۆ مانەوە و تەواوبوونی خۆمان.