کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاكی سیاسیی كورد مەترسیی دیپۆرتكردنەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە

10:59 - 8 خاکەلێوه 2724

نەرگس هاشمی و ئیدریس هاشمی، دوو چالاكی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگیی خەڵكی سەرپێلی زەهاو سەر بە پارێزگای كرماشانن و لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینییەوە بەهۆی درووستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بە ناچار ئێرانیان بەجێ هێشتووە و لە وڵاتی سوید داوای پەنارییان کردووە.

دەزگای كۆچ و دادگای كۆچی وڵاتی سوید وێڕای ڕەتكردنەوەی داواكەیان لە هەوڵی دیپۆرتكردنەوەیان بۆ وڵاتی ئێرانە.

ئەو دوو چالاكە سیاسییەی كورد لە بانگەوازێكدا داوای پشتگیری لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان و خەڵكانی ئازادیخواز دەكەن تا بتوانن پێشگیری لەو بڕیارە بكەن.

ئەو دوو پەنابەرە كوردە وێڕای چالاكی سیاسی و فەرهەنگی لە نێوخۆ، هاوكات چەندین وتار و بابەتیان لەسەر پێشیلكارییەكانی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ لە ماڵپەڕ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كردۆتەوە و بە ئەگەری زۆر لە دوای دیپۆرتكردنەوەیان ڕووبەڕووی سزای قورسی دەزگا ئەمنی و قەزاییەكانی ڕێژیمی ئێران دەبنەوە.