کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوەکانی باشووری ئێران بە کرێ دراوە بە چینییەکان

15:43 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دەریای عومان بۆ ماسیگیریی بە کرێ بە چینییەکان دراوە و خەڵکی ئەو شارانەی کە لە قەراغی دەریان، بێکار بوونە و داهاتیان زۆر کەم بووە.

چەندین مانگە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕەتی دەکەنەوە، کە پاپۆڕە چینییەکان لە دەریای عومان بە فەرمی ئیزنی ماسیگرتنیان هەیە، لە حاڵێکدا ماسیگیرە ئێرانییەکان لەم پێوەندییەدا زۆرجار ناڕەزایەتییان دەربڕێوە و زۆرکەس بێکار بوونە.

هەتا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، محەممەدعەلی حەسەنزادە، جێگری کاروباری بەندەرەکان و ئابووریی ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانیی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە: کە پاپۆڕە چینییەکان بە گرێبەستێکی فەرمی دەریای عومانیان بۆ ماوەیەکی زۆر بە کرێ گرتووە و بۆ ماسیگرتن هەتا قووڵایی ٢٠٠ مێتری لە دەریای عومان ڕێگایان پێ دراوە.

نزیک بە ٥ هەزار پاپۆڕی چینی لە دەریای عومان بە ئیزنی ڕێژیمی ئیران ماسی دەگرن، کە بووەتە هۆی بێکاربوونی ٧٠ لەسەدی ماسیگیرەکانی هۆرمۆزگان.