کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاڤۆکێکی بریتانیایی: خەڵکی ئێران ڕێبەرانی ڕێژیم بە هۆکاری کێشەکان دەزانن نەک ئامریکا

13:21 - 23 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی ئێکسپرێسی لەندەن لە ڕاپۆرتیکدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، نووسیویەتی خەڵک، ڕێبەرانی ڕێژیم لە سەرهەڵدانی قەیرانەکان بە تاوانبار دەزانن.

ڕۆژنامەی بریتانیایی ئێکسپرێس چاپکراوی لەندەن، ڕاپۆرتێکی لەسەر دەوری تازەی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە خەڵکی ئێران، لە کێشەکانی وڵات وەک: گرانی، هەڵاوسان، بێکاری، دابەزینی بەهای ڕیاڵ، گەندەڵی، نادادپەروەری و هتد، ڕێبەرانی ڕێژیم بە تاوانبار دەزانن نەک دانڵد ترامپ.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکان ڕوویان لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانە و بە دژی ئەواندا دێنە سەر شەقامەکان و دروشم بە دژی دەسەڵات دەدەن و خەڵک لەو باوەڕەدان کە هۆکاری سەرەکی قەیرانەکان ڕێژیمە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ لادانی خۆیان لە بەرامبەر تووڕەیی خەڵک، ئامریکا تۆمەتبار دەکەن.

قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا، گەیشتووەتە ئاستێک کە گوشارێکی لەڕادەبەدەر کەوتووەتە سەر خەڵک و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانیان و سیستمی دیکتاتورییان، تەنیا بۆ دەسەڵاتی خۆیان هەوڵ دەدەن و "خەڵک" لە بیرکردنەوە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەو ڕێژیمەدا هیچ واتایەکی نییە.