کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی نۆی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

18:02 - 10 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: جێژنی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، جێژنی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ٩ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بەشداریی ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و میوانان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

 کۆنگرەی ٩ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ژێر دروشمی یەکخستنەوەی هێز لە پێناو بەهێزتر کردنی ڕاساندا بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی بەڕێوەبەریی هەڵبژاردەی کۆنگرەی نۆیەمی ئەم ڕێکخراوەیە، لە لایەن "عومەر فەخرەدینفەڕ" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لە لایەن بەڕێوەبەریی نوێی ئەم ڕێکخراوە، ڕێز لە تێکۆشان و ماندووبوونی "جەلال ڕەوانگەرد" سکرتێری پێشووی ڕێکخراوەکە گیرا.

جەلال ڕەوانگەرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی ڕێکخراوەکە، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئەندامانی بەڕێوەبەری و ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن "ئەژین شێخی"، ئەندامی بەڕێوەبەری ئەم ڕێکخراوەیە پێشکەش کرا.

هونەرمەندان "نیزام سەجادی و سامان سەیدئەحمەدی" به گۆرانی و مۆسیقا ناوئاخنی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.