کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی داڵدەدانی تێرۆریستان بەڕێوە چوو

13:13 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات و ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی ئێرانی، لە هەمبەر داڵدەدانی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران، خۆپیشاندانێکیان لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە برد.

ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بەردەم کلینیکی دوکتور "مەجید سەمیعی" لە شاری هانۆڤەر خۆپیشاندانێک بە دژی داڵدەدان و چارەسەریی پزیشکیی ئاخوند "غوڵامڕەزا مەنسووری" سەرۆکی لقی ٣ی دادسەرای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی ئێرانی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون، "ئارێز داراپوور" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی ئاڵمان، وتارێکی بە زمانی فارسی پێشکەش کرد.

داراپوور لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەشێک لە تاوانەکانی ئاخوند مەنسووری و سیاسەتی تێرۆریستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت دەرهەق بە خەباتکارانی گەلی کورد و ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات کرد و ڕەخنەی لە داڵدەدانی تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لایەن دوکتور سەمیعی و چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانەکەی گرت، کە بەبێ گوێدان بە بەها مڕۆیییەکان و ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی لە گەلانی ئێران و بەتایبەت لە گەلی کورد دەکرێ، لە جیاتی خزمەتی خەڵکی ئێران و بەکارهێنانی زانستی پزیشکی لە بواری مڕۆییدا، کەوتۆتە خزمەتی چەند ئاخوندێکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامییەوە.

ساڵی ڕابردووش "مەحموود شاهروودی"ـی جەنایەتکار کە سەرۆکی پێشووی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو و دەستی بە خوێنی لاوانی ئێران و کوردستان سوورە، لە هەمان نەخۆشخانە داڵدە و چارەسەریی پزیشکی بۆ کرابوو، کە بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و گوشارهێنان، لەژێر چاوەدێریی توندی پولیسی ئاڵمان بۆ ئێران بەڕێ کرایەوە.